ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی: سیخوڕێکی ئێرانی زانیاریی لەسەر شوێنەکەی نەسروڵلا بە ئیسرائیل داوە
ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانییەوە بڵاوی کردووتەوە، سیخوڕێکی ئێرانی زانیاریی وردی لەسەر شوێنی حەسەن نەسروڵلای ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا داوەتە ئیسرائیل و ئەو زانیارییە وردانەش بوونە هۆی کوژرانی نەسروڵلا و سەرکردەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و چەند سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵلا.
ڕۆژنامەی "لو پاریزیان"ـی فەرەنسی نووسیویەتی، سیخوڕە ئێرانییەکە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام زانیاریی وردی لەسەر جووڵەی حەسەن نەسروڵلا هەبووە و کەمێک بەر لەوەی بگاتە باشووری بەیرووت، ئیسرائیلی ئاگەدار کردووەتەوە کە لەگەڵ عەباس نیلفرۆشان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لە نێو یەک ئۆتۆمبێلدان، بەڵام ئیسرائیل چاوەڕوانی کردووە تا ئەو کاتەی کۆبوونەوەی نەسروڵلا لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵلا دەستی پێ کردووە؛ ئەمجا هێرشی کردووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەکە کە دەکەوێتە باشووری بەیرووت و لە هێرشەکەدا جگە لە حەسەن نەسروڵلا و عەباس نیلفرۆشان، 12 بەرپرسی دیکەی باڵای حزبوڵلاش کوژراون.
هەروەها ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنوت"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، خەڵکانی دەوروبەری شوێنەکە باشترین سەرچاوەی زانیاریی بوون بۆ ئیسرائیل بەر لەوەی هێرشی کوشتنی نەسروڵلا جێبەجێ بکرێت.
هەر لەم بارەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ئاماژەی داوە، بڕیاری هێرشکردنەکە هەر لە ڕۆژی هەینی دراوە، چونکە سەرکردەکانی ئیسرائیل پێیان وابووە دەرفەتێکی کورتیان لەبەر دەستە و بەر لەوەی حەسەن نەسروڵلا شوێنەکەی بگۆڕێت و بچێتە شوێنێکی دیکە، دەبێت هێرشەکە جێبەجێ بکەن.
بەرە بەیانی دوێنێ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا، ئێوارەی هەینی بۆ سەر باشووری لوبنان توانیویانە حەسەن نەسروڵلا بکوژن، دوای چەند کاتژمێرێک حزبوڵلای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان بڵاو کردەوە.