کۆمیسیۆنی عێراق ڕاهێنان بە کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکات
دەنگدانی گشتی و تایبەت لە 1431 بنکە بەڕێوە دەچێت
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستی بە ڕاهێنانی 41 هەزار کارمەندی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە لە 1431 بنکە بەڕێوە دەچێت.
یەکشەممە، 29-09-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، لە 1266 بنکە و 6318 وێستگە و دەنگدانی تایبەتیش لە 165 بنکە و 749 وێستگە؛ بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕوونیشی کردەوە، 41 هەزار کەس دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبەن و ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت لەسەر چۆنییەتی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکە.
ژمارەی بنکە و وێستگەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
دەنگدانی گشتی:
هەولێر: 498 بنکە و 2213 وێستگە
سلێمانی: 477 بنکە و 2373 وێستگە
دهۆک: 264 بنکە و 1596 وێستگە
هەڵەبجە: 27 بنکە و 136 وێستگە
ژمارەی گشتی: 1266 بنکە و 6318 وێستگە
دەنگدانی تایبەت:
هەولێر: 62 بنکە و 306 وێستگە
سلێمانی: 57 بنکە و 276 وێستگە
دهۆک: 33 بنکە و 142 وێستگە
هەڵەبجە: 1 بنکە و 3 وێستگە
بەغدا – ڕەسافە: 1 بنکە و 2 وێستگە
نەینەوا: 4 بنکە و 5 وێستگە
کەرکووک: 1 بنکە و 2 وێستگە
دیالە: 1 بنکە و 1 وێستگە
ئەنبار: 1 بنکە و 1 وێستگە
بەغدا – کەرخ: 2 بنکە و هەشت وێستگە
واست: 1 بنکە و 1 وێستگە
سەڵاحەددین: 1 بنکە و 2 وێستگە
ژمارەی گشتی: 165 بنکە و 749 وێستگە
د. عیماد جەمیل باسی لەوەش کرد، 48 کاتژمێر پێش دەنگدانی تایبەت واتا 16-10-2024، ئامێر و کەلوپەلەکانی تایبەت بە دەنگدان بۆ ئەو قوتابخانانەی هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە کە کراونەتە بنکەکانی دەنگدان و تێست دەکرێن.
بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
کۆمیسیۆن دەستەیەکی تایبەتی بۆ چاودێریی بانگەشەی لایەن و کاندیدە سەربەخۆوەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێک هێناوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو لایەنانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانیان دەکەن، بە چەندین شێوازی جیاواز سزا دەدرێن تا دەگاتە دوورخستنەوەی یەکجارەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش؛ ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)