هەولێر.. ئامادەکارییەکانی پێشگیریی لە لافاو بەردەوامە

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، ماوەی 20 ڕۆژە هەڵمەتێکی ڕۆژانە بۆ خاوێنکردنەوەی کەناڵەکانی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان دەستی پێ کردووە.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی لافاو و وەرزی زستان، بەچەند شێوەیەکە، کە بەشێکی بە پڕۆژە چارە کراوە، بەشێکیش بە خاوێنکردنەوەی کەناڵەکانی ئاو و مەنهۆڵەکان کراوە؛ ماوەی 20 ڕۆژە هەڵمەتێکی ڕۆژانە بۆ ئە مەبەستە دەستی پێ کردووە، بەشێکیشی پێویستی بە بودجەی زۆر گەورە هەیە و لە تەندەرینگە بەلام هێشتا نەچووەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

گوتیشی: ئامادەکارییەکانمان لە هاوینەوە دەستی پێ کردووە، کە دروستکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆکان خۆی ئامادەکارییە بۆ وەرزی زستان، تاوەکوو کۆتا بارانیش ئەو ئامادەکارییانە بەردەوام دەبێت، چونکە بەشێک لە ئامادەکارییەکان ڕۆژانەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە وەرزی زستانیش تیمەکانمان ئامادەیە کە هەرکات لافاو ڕووی دا دەگەڕێینەوە سەر شەقامەکان و یارمەتی هاووڵاتیان دەدەین، بۆیە دەتوانین کاریگەرییەکانی لافاو کەم بکەینەوە.

پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە وەرزی زستان و باران و ڕێگریی لەسەر مەترسی دروست بوونی لافاو لە هەولێر کۆبوونەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیجی لە هەولێر دانرا، وەک پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر و قوشتەپە، لە دروستکردنی بەنداو و دەستپێکردنەوەی پۆندەکان، هەموو ئەوانە پەیوەندییان بە ڕزگارکردنی هەولێر هەیە، هەر بۆیە لە هاوین و زستانی داهاتوو هەولێر بێگرفت دەبێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ چارەکردنی ئەو بابەتانە تاکو ئەو پرۆژانە تەواو دەبن، بە بەردەوامی ژووری پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان پلان و بەرنامەی وەرزی دادەنێن.