پۆندێکی تر لە هەولێر دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە نزیك هەولێر پۆندێکی دیکە دروست دەكرێت، بەناوی "پۆندی خانزاد" بە گوژمەی نزیکەی 700ملیۆن دینار.
یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پۆندێكی تر لە نزیك هەولێر دروست دەكرێت، بەناوی "پۆندی خانزاد" پێشتر لە ماستەر پلان جێگیرمان کردووە و بەوەش دەبێتە 22وەمین پۆندی زۆنی هەولێر.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: گوژمەی پۆندی خانزاد 676 ملیۆن دینارە، بە مەزندەی خۆمان بەلای کەمەوە 250 هەزار مەتر ئاو دەگرێت، ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی لافاو، چونکە ئاوی ئەو شوێنە دەهاتەوە ناو شاری هەولێر.
دەشڵێت: ئامانجێکی دیکەمان لەو پۆندە پاراوکردنەوەی ئاوی هەولێرە، لەگەڵ کشتوکاڵ و ئاودێریی، لە ڕووی گەشتییارییەوە سوودی لێ وەردەگیرێت و ناوچەکە جوانتر دەکات، لە ڕووی ژینگەیشەوە سوودی هەمە جۆری دەبێت.
کاروان سەباح گوتیشی: دروستكردنی پۆندی خانزاد دراوە بە کۆمپانیایەکی دیاری کراو بەم زووانە دەست بەدروستكردنی دەكرێت.
ڕاشیگەیاند "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، ئێستە سەرقاڵی دیزاینکردنی پۆندێکی دیکەن لە شێرەسوار کە دەبێتە پۆندێکی زۆر گەورە و باش و لە ڕووی گەشتییاریشەوە سوودێکی باشی دەبێت بۆ شێرەسوار، هەروەها دوای دیزاینکردنی گوژمەکەی بۆ دادەنرێت".
بە گوتەی هەورامی، جێی سوپاسە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی بەردەوامی لە كەرتی ئاو و پاراستنی ئاسایشی ئاوی كوردستان کردووە.
هەروەها ئەو کابینەیە بەنداوی چەمرگەی بەگوژمەی 4.4 ملیار دینار، بەنداوی خنس بە گوژمەی 9.2 ملیار دینار و بەنداوی دێوانە بە گوژمەی 26.6 ملیار دینار و بەنداوی ئاقوبان بە گوژمەی 8.1 ملیار دینار، بەنداوی شەوگێڕ بەگوژمەی 5.6 ملیار دینار، بەنداویتوڕەجا بە گوژمەی 5.8 ملیار دینار، بەنداوی گۆمەسپان بە گوژمەی 95 ملیار دینار، بەنداوی بەستۆرە بە گوژمەی 23 ملیار دینار و بەنداوی دوین بە گوژمەی 88 ملیار دینار کردووە.
لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 تا 2019، تەنیا هەشت بەنداو دروست كرابوون كە توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەبوو، بەڵام لە كابینەی نۆدا و تەنیا لەم چوار ساڵەدا، 10 بەنداوی دروست كردووە كە توانای كۆگاكردنی 160 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە، لەگەڵ دەیان پۆند، بەوەیش كۆی گشتیی ئاوی گلدراوە لە هەرێمی كوردستان، دەبێتە 10 ملیار و 122 ملیۆن مەترسێجا و بەوەیش تا ئاستێكی باڵا مەترسیی وشكەساڵی نەما.