لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

10 ساڵە سوپای ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوە داعش لە عێراقن، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، دەبێت تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 سەرجەم ئەو هێزانە لە عێراق بکشێنەوە، تەنیا ڕاوێژکاران نەبێت کە ئەرکیان مەشق و ڕاهێنان بەهێزە عێراقییەکان دەبێت .

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان واشنتن و بەغدا هاتووە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی کردەیی سەربازیی هاوپەیمانان لەماوەی 12 مانگی داهاتوودا، هەروەها گواستنەوەی ئەرکەکان بۆ هاوبەشی ئەمنیی دوو قۆڵی بۆ پشتیوانیی هێزە عێراقییەکان لەدژی فشارەکانی داعش و هاوبەشی و هەماهەنگیی لە دژی چالاکییەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەو پێیەی عێراق وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەبێت عێراق پابەند بێت بە ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەماوەی گواستنەوەی ئەرکەکانیاندا.

لە دوو دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان بەغدا و واشنتن کە لە 15 و 16ـی نیسان و 22 و 23ـی تەمموزی ئەمساڵ لە واشنتن بەڕێوە چوون، ڕێککەوتنێکی ئەمنیی پەیوەست بەو هێزانە و ئایندەی پەیوەندییەکان بەدی هات کە خاڵەکانی ئەمانەن:

- تیشکخستنە سەر جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی هێزی شەڕکەر لەگەڵ سەرنجدان بە مانەوەی ڕاوێژکاران کە ئەرکیان ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنانە.

- بەشداری نەکردنی هیچ هێزێکی بیانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش.

- پتەوکردنی هاریکاریکاری ئەمنی و هەواڵگری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش.

- فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئابووری و هاریکاری لە گەشەپێدانی عێراق.

- جەختکردنەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق.

ئەمەریکا لە ساڵی 2011، هێزەکانی خۆی کشاندەوە و دواتر لەساڵی 2014 لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتنەوە عێراق، بڕیاریشە لە وادەیەکی دیاریکراودا کە دەکاتە کۆتایی ساڵی 2025 جارێکی دیکە هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە.

Fly Erbil Advertisment