دانیال هاگاری: پەیامەکە ڕوونە هەرکەس هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل دەبێت باجەکەی بدات

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل وانەی خۆی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە فێر بووە، و ڕێگە نادات حزبوڵلا و حەماس لەسەر سنوور هەبن.

هاگاری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی دەڵێت:

ئیسرائیل هەمان وڵاتی پێش 7ـی ئۆکتۆبەر نییە، دونیای ئەمڕۆ بەبێ حەسەن نەسروڵلا سەلامەتترە.

نەسروڵلا باجی دەرئەنجامی بڕیاری 8ـی ئۆکتۆبەری بۆ پشتیوانی لە حەماس دا، ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی حزبوڵلا لە سنوورەکانمان نەمێنێتەوە

چەکەکانی حزبوڵلا لە ژێر خانووەکانی گەڕەکی باشوور و بیقاع هەڵگیراون و ئەو حزبە خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، هەروەها ئێمە پاڵ بە حزبوڵلا دەنێین تاکوو پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ دواوە

ئێمە هیچ خواستێکمان بۆ لوبنان نییە، چونکە ئەو وڵاتە هی لوبنانییەکانە و ئامانجمان گەڕانەوەی خەڵکی باکووری ئیسرائیلە بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێران دەبێت واز لە بەکارهێنانی گەلی لوبنان بهێنێت.

ئەوەی حەماس دەیکات ئەوەیە کە دانیشتووانی غەززە بۆ مانەوەی یەحیا سنوار بەکاردەهێنێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین نزیکەی 100 بارمتەی ئیسرائیلی بگەڕێنینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پەیامەکەمان ڕوونە کە هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هێرش دەکەینە سەری و ئەویش باجەکەی دەدات.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment