بەیرووت.. سێ سەرکردەی بەرەی ڕزگاریخوازیی گەلی فەڵەستین کوژران
بەرەی ڕزگاریخوازیی گەلی فەڵەستین بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (30ی ئەیلوولی 2024)، لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی سێ سەرکردەی لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی کولا لە بەیرووت، ڕاگەیاند.
بەرەکە ئاماژەی داوە، لەو هێرشەی ئیسرائیلدا، هەر یەک لە محەممەد عەبد ئەلعال، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی فەرمانگەی سەربازی و ئەمنی، لەگەڵ عیماد عۆدە، ئەندامانی فەرمانگەی سەربازی و عەبدولڕەحمان عەبد ئەلعال، فەرماندەی سەربازی لە لوبنان لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێک بڵاوی کردووەتەوە، کە بە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز ڕاچڵەکیون و دوای تەقینەوەکانیش لە شوققەیەکی نیشتەجێبوون نزیک پردی کولا لە بەری باشووری ڕۆژئاوای بەیرووت، دووکەڵ بەرزبووەتەوە و بە دوایدا دەنگی چەند ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاریان بیستووە کە بەرەو شوێنی تەقینەوەکان چوون.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان ئەمە یەکەمین هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلە لە نێو سنووری ناوچەیەکی سڤیل لە بەری باشووری بەیرووت.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوند و ئاواییەکانی باشووری لوبنان و ناوچەکانی بیقاع، بەعلەبەگ و دەوروبەری باشووری بەیرووت، 105 کەس کوژراون و 359 کەسی برینداربوون.
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، دوای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل، پێکدادان لە نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیلیش سەری هەڵدا، لەو ماوەیەکدا کاریگەرترین هێرشەکانی ئیسرائیل کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوو لە تاران لە 31ی تەممووزی 2024، دوای ئەمیش هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئیسرائیل لە هەینی ڕابردوو 27ی ئەیلوولی 2024، کە حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و عەباس نیلفوروشان فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی باڵای حزبوڵلا کوژران.