چارەنووسی ماهر ئەسەد دوای هێرشەکەی ئیسرائیل نادیارە

ڕۆژی یەکشەممە هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕێگای دیمەشق – بەیروت لە ڕۆژئاوای دیمەشق.

سەرچاوەیەکی سەربازی، بە ڕۆژنامەی قودس ئەلعەرەبی ڕاگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە سێ مووشەک ڤیلای ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی سووریای لە ناوچەی یەعفور لە لادێکانی ڕۆژئاوای دیمەشق بۆمباران کردووە، بەبێ ئەوەی بزانێت ڕادەی زیانەکان چەندە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی لادێی دیمەشق بەرەو دیماس- یەعفور و سەبورە بیستراوە. هەروەها ئیسرائیل هەڵمەتێکی جیاجیای لە ناوچەی وادی حەننا لە شاری قەسیر لە لادێکانی حەمس لە ناوەڕاستی سووریای کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای فەرمیی ڕێژیمی سووریا، سانا، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا بیستراوە.

سەرچاوە نافەرمیەکانی سووریا، لەڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیالمێدیاوە بڵاویانک ردەوە، ڤێلای ماهر ئەسەد، فەرماندەی بەناو "لیوای چوار" لە سوپای سووریا، لە ناوچەی "یەعفور" لە لادێکانی دیمەشق، بۆمباران کراوە.

ئەم هەواڵە لەلایەن پەیجەکانی سوریاوە لە پلاتفۆرمی سۆشیالمێدیادا بڵاوکراونەتەوە و دەڵێن پەیوەندیی بە ماهر ئەسەد دوای "هێرشی ئیسرائیل" پچڕاوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵەکان لە سۆشیالمێدیا ڕایانگەیاند کە ماهر ئەسەد باشە و هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە دەنگۆی کوژرانی براکەی سەرۆکی سووریا، بڵاونەکراوەتەوە.