لە کەربەلا بەهۆی گەندەڵییەوە دەیان پرۆژە تەواو نەکراون

لە پارێزگای کەربەلا دەیان پرۆژە تەواو نەکراون، کە بەشێکیان ماوەی 12 ساڵە بەردی بناغەیان دانراوە. چاودێرانیش باس لەوەدەکەن؛ گەندەڵی لەسەرجەم کایەکانی پارێزگای کەربەلا ڕەگی داکوتاوە، بەجۆرێک پرۆژەکان تەنها کەمێکیان لێ جێبەجێ دەکرێت و پارەکەی دەدزرێت.
حکوومەتی خۆجێی کەربەلاش حکوومەتی فیدراڵی تۆمەتبار دەکات بەوەی پرۆژەکانی بە کۆمپانیای گوماناوی سپاردووە، ئەوانیش پرۆژەکانیان کردووە بەسەرچاوەیەک بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە پارێزگای کەربەلا هیچ ئاسۆیەک بۆ تەواوکردنی چەندان پرۆژەی تەواو نەکراو نییە، کە چەندان ساڵە بەردی بناغەیان دانراوە و هێشتا تەواو نەکراون.
پرۆژەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە پارەی گەورەیان بۆ تەرخان کراوە و کاتیان بۆ دیاری کراوە تا تەواو ببن، بەڵام گەندەڵی و بەفڕۆدانی پارەی پەکی خستوون، هاووڵاتیانیش پرسیاریان لەبارەی چارەنووسی پرۆژەکان بۆ دروستبووە.
حەمید هیلالی، پسپۆڕی ئابووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق لەبەردەم هێدمە (شۆک)ێکی نوێدایە ئەویش هێدمەی گەندەڵییە. کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەرجەم شوێنەکانی عێراق هەستیان پێ دەکرێت، لە کەربەلا دەیان پرۆژەی تەواونەکراو هەن کە بەشێکیان ماوەی 12ساڵە بەردی بناغەیان دانراوە. بەشێکی زۆری پرۆژەکان تەنها کەمێکیان لێ جێبەجێکراوە و ئەوی دیکەی پارەکەی خوراوە، هەرچەندە گوشاری زۆرمان کردووە بەڵام هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتە بەر.
ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی ناوەندی باشترین چەکی حکوومەتی خۆجێی کەربەلایە، بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە بەغدا تۆمەتباردەکەن بەوەی پرۆژەکانیان بە شکستخواردوویی ڕادەست کردوون، کێشەی پرۆژەکانیش بۆ هەبوونی بەربەستی هونەری و ئەو ئاڵنگارییانە دەگێڕنەوە کە لەلایەن وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیەوە بۆیان دروست دەکرێت.
ئەنوەر یاسری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەربەلا، دەڵێت: دیدگەیەکی ڕوونمان داناوە بۆ چارە کردنی کێشەی پرۆژە تەواونەکراوەکان، حکوومەتی فیدراڵیمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکان، کارەکانی بەنیوەیی بەجێهێشتووە. هەروەها پارێزگاری کەربەلا لەپەیوەندی و هاوئاهەنگیدا دەبێت بۆ چارە کردنی ئەو پرۆژانە و دەستکردنەوە بەکارەکان.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، دانیشتووانی کەربەلا هیوای چاکسازیی لە دەست دەدەن، پرسیاری ئەوەیان لادروستبووە ئایا حکوومەتی فیدراڵی توانای هەیە بەربەستەکان تێپەڕێنێت و خەونی خەڵکی بەدەست بهێنێت. تۆپەکەش لەمەیدانی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی خۆجێی کەربەلادایە.