شارەوانیی هەولێر 24 کاتژمێر کات دەداتە ئەو کاندیدانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانیان کردووە

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدان سەرپێچیی ڕێنماییەکانیان کردووە، بۆیە هەندێک لایەن و کاندیدان ئاگادار کراونەتەوە بە زووترین کات پۆستەرەکانیان لەو شوێنانە لا بدەن، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە پێشوەختە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، ڕێنمایمان دەرکردووە سەبارەت بەو شوێنانەی کە بتوانن لایەنە سیاسییەکان یاخود کاندیدەکان بانگەشەی تێدا بکەن".
سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: بە نووسراوی ژمارە 949، لە 19/4 لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە گشتاندنێکمان بەدەست گەیشتووە کە ئەو شوێنانەی دیاری کراون یان قەدەغە کراون بۆ لایەن و کاندیدەکان دیاری کراوە. بە نموونە؛ وێنە و پۆستەر بۆ باخچەکان و شوێنە سەوزاییەکان و باڵەخانە گشتییەکان، لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە هێمای هاتووچۆن کە بەربەست بۆ شۆفێران دروست دەکەن بەهەموو شێوەیەک قەدەغە کراون.
دەشڵیت: ئەو وێنە و پۆستەرانەی کە هەڵدەواسرێن دەبێت بەو شێوازە بێت، کە دیاری کراوە. بەڵام بەداخەوە دەبیستین و دەبینین لە سۆشیالمێدیاکان، کاندیدەکان پابەند نەبوون، شۆفێرانیش گلەیی دەکەن لە چۆنییەتی دانانی پۆستەر و وێنەکان کە بوونەتە هۆی گرفت بۆیان، کارەساتی نەخوازراوی لێ دروست بووە.
کارزان هادی ڕاشیگەیاند "ئێمە کاندید و لایەنەکان ئاگادار دەکەینەوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، هەر کاندیدێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبووە پۆستەرەکان یاخو وێنەکانیان لابەرن و بیگوازنەوە، ئەگەر نا ئێمە لە ڕێگەی هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیی و شارەوانییەکان و تیمەکانمان، پۆستەر و وێنەکان لا دەبەین. هەروەها بە دیکۆمێنتکردنی وێنە و پۆستەرەکان بۆ ئەوەی بە نووسراوی فەرمیی کۆمیسیۆن ئاگادار دەکەینەوە تاکوو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کاندید و لایەنە بگرێتەبەر".