پەرلەمانی عێراق و باڵیۆزخانەی لوبنان پرسە بۆ حەسەن نەسروڵلا دادەنێن
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024، لە تەلاری پەرلەمانی عێراق و لە نێو باڵیۆزخانەی بەیرووت لە بەغدا، بە جیا پرسەی تایبەت بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا دادەنرێت.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە نێو تەلاری پەرلەمان، پرسەیان بۆ حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا داناوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، پرسەکە بە تایبەت لە لایەن سەرکردە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکخراوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرسەکە و بەشداربوونی کوتلە پەرلەمانییەکان وەک ڕێزگرتنێک لە گیانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان کە ئێوارەی هەینی لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردەی دیکەی حزبوڵلا کوژران.
بڕیارە پرسەکە لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆوە تاوەکوو کاتژمێر سێ بەردەوام بێت.
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیارە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، باڵیۆزخانەی لوبنان لە بەغدا، پرسەیەکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە گیانی حەسەن نەسروڵلا و هاوەڵەکانی ڕێک بخات و بەرپرسانی باڵای حکوومی و سیاسیی عێراق بچن و بەشداریی لە پرسە بکەن و سەرەخۆشیی خۆیان بە نوێنەرایەتیی لوبنان بگەیەنن.
بڕیاریشە پرسەکەی نێو باڵیۆزخانەی لوبنان لە بەغدا لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆوە تاوەکوو شەشی ئێوارە بەردەوام بێت و پێشبینی دەکرێت هەر یەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی هێزە شیعەکان بەشدار بن.