پەرلەمانتارێک: بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، بەشێکی زۆری ماددەی 140 جێبەجێ دەکرێت
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسە لەسەر داگیرکردنی زەویوزاری کورد و تورکمان.
یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی کۆبووەنەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، کە یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنی پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسە لەسەر داگیرکردنی زەویوزاری کورد و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی کورد و تورکمان و عەرەبە، دەشڵێت: لەو ڕووەوە بەشێکی باشی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت، چونکە یەکەم جار کە ئێمە یاساکەمان بردە پەرلەمان، هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی کێشەی لەسەر دروست بێت.
یادگار مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە وەکو ئەندامانی لیژنەی یاسایی دوو جار دانیشتنمان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووە، دواتر بڕیاری دا لەگەڵ ئەو لایەنانەش کۆ ببێتەوە کە تێبینیان لەسەر یاساکە هەبوو، پێم وایە هەر بەوهۆیەوە یاساکە خراوەتە بەرنامەی کاری سبەی پەرلەمان؛ بۆیە سبەی دەرئەنجامی دانیشتنەکان لەگەڵ لایەنەکان بەدیار دەکەوێت".
باسی لەوەش کرد، ئەگەری هەیە ئەو بڕگەیە سبەینێ لە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق لا ببرێت.
پێشتر خوێندنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (1018)ی ساڵی 1982 و (554)ی ساڵی 1983ی سەردەمی بەعس، لە پەرلەمان کراوە کە لە ئەگەری پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکەی سەردەمی بەعس، نزیکەی 300 هەزار دۆنم، لەو زەویی و موڵکانەی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیر کراون، بۆ هاووڵاتییانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.