کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گۆڕدرا و دوو بڕگە لابران

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان)

لە ماوەی پێنج کاتژمێردا، فەرمانگەی مێدیا و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دوو کارنامەی جیاوازی بڵاو کردەوە.

کاتژمێر 09:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 30-09-2024، فەرمانگەی مێدیا و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی بڵاو کردبووەوە کە لە شەش بڕگە پێک دەهات؛ بەڵام لەو کارنامەیەی نزیکەی کاتژمێر 14:15 خولەکی ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە؛ دوو بڕگە لە کارنامەکەدا لابراون.

 ئەو دوو بڕگەیەی لابراون؛ یەکێکیان دەنگدان بوو لەسەر ماددەی پێنجەمی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتی ئەو موڵکانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس داگیرکراون بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان. بڕگەی دووەمیش، هەمواری یەکەمی خوێندنی باڵا بوو لە کەرتی تایبەت، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوبانگی زانکۆ ئەهلییەکان لە عێراق بووەتە ڕێچکەیەکی بازرگانی نەک زانستی.

 

کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق
کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق

 

بە گوێرەی کارنامەی دووەمی فەرمانگەی مێدیا و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق؛ لە کۆبوونەوەی سبەینێ سێشەممە، 01-10-2024، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەم چوار بڕگەیە کۆ دەبێتەوە:

یەکەم: دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای پەسەندکردنی ڕێکەوتنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ڕووسیادا.

دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە.

سێیەم: تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی پرۆژەیاسای خاوەندارێتی بیرۆکە.

چوارەم: تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.

 

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەگەری هەیە بەهۆی فشاری سیاسییەوە، بڕگەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتی ئەو موڵکانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس داگیرکراون لە کۆبوونەوەکەدا لاببرێت.