بارزان قه‌ساب: ده‌بێت كاندیدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه بچنه ناو خه‌ڵك

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات، ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ناو مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی په‌یوه‌ندی به كۆنه‌برینی شه‌ڕی ناوخۆوه هه‌بووه، كه ئه‌و كات بنه‌ماڵه‌ی ماڵی شاڵاو كۆسره‌ت دوو كه‌سیان له‌و بنه‌ماڵه‌یه كوشتووه كه ئه‌مڕۆ له مزگه‌وته پرسه‌یان هه‌بووه.
دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، بارزان قه‌ساب، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: له ڕووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ت له‌ناو مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی، هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه، به‌ڵكوو ته‌نیا یه‌ك كه‌س به گوللـه بریندار بووه و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمرجنسی گواستراوه‌ته‌وه و دوو كه‌سی دیكه‌یش به قۆنداخی چه‌ك بریندار كراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شاڵاو كۆسره‌ت كه هاوكات كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌بوو خۆی له شوێنێكی وه‌ها به دوور بگرتایه، چونكه پێشتر كێشه‌ی خوێن له‌نێوان ئه‌وان و خاوه‌نی پرسه‌كه‌دا هه‌بووه.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، باشتر وایه كاندیده‌كان به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه بچنه ناو خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر، یانیش نه‌چنه ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێشتر شه‌ڕی ناوخۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا سه‌پاندووه.
دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاندووه، بنه‌ماڵه‌ی قه‌هار سابیر عه‌لكه پرسه‌یان له مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی له هه‌ولێر هه‌بووه و "شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ" به‌بێ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته چووه‌ته پرسه‌كه، به‌ڵام له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن پرسه‌كه‌وه پێیان ڕاگه‌یه‌ندراوه پرسه‌كه به جێ بهێڵێت و ڕازی نین به چوونی بۆ پرسه‌كه و دڵنه‌واییكردنیان، چونكه له ڕابردوودا دوو كه‌سی ئه‌و ماڵه‌ی پرسه‌یان هه‌بووه، به ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی شاڵاو كۆسره‌ت "شه‌هید" كراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له ئه‌نجامدا مشت‌ومڕ دروست بووه و پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ت به‌بێ ڕێزگرتنی حه‌ره‌می مزگه‌وت و له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خاوه‌نی پرسه‌كه، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خاوه‌نی پرسه‌كه و ته‌قه‌یه‌كی زۆریان كردووه و خاوه‌نی پرسه‌كه‌یان بریندار كردووه.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، یاسا سه‌روه‌ره و ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قه‌یان كردووه و له‌م كاره نایاساییه‌دا به‌شدار بوون، ڕووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه.