عێراق سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا توند ده‌كات؛ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تیش كۆ ده‌بێته‌وه
گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌موو ڕێكارێك بۆ پاراستنی سنووره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ سووریا گیراوه‌ته به‌ر؛ هاوكات هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به سه‌رپه‌رشتی سوودانی كۆ بووه‌ته‌وه و پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین و لوبنان ده‌ربڕیوه.
دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، یه‌حیا ڕه‌سووڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ڕایگه‌یاند، هه‌موو ڕێكارێك بۆ پاراستنی سنووره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ سووریا گیراوه‌ته به‌ر و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخ و ئاڵنگارییه‌كان كراوه.
یه‌حیا ڕه‌سووڵ جه‌ختیشی كرده‌وه، هێزه عێراقییه‌كان له ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌یاندان. ڕوونیشی كرده‌وه، عێراق ئه‌مڕۆ پێشوازی له 144 هاووڵاتی لوبنانی كردووه كه له ده‌روازی قائیمه‌وه خۆیان گه‌یاندووه‌ته عێراق.
گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له ڕێگه‌ی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه هاوكارییه مرۆیی و پزیشكییه‌كانیان گه‌یاندووه‌ته لوبنان.
له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به سه‌رپه‌رشتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی خولی خۆی كرد و تێیدا دواپێشهاته مه‌ترسیداره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی بارودۆخی فه‌ڵه‌ستین و لوبنان و هێرشه‌كانی ئیسرائیل و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر عێراق تاوتوێ كرا.
به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بووه به گفتوگۆكردنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هاوكات ڕاگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش و ته‌واوكردنی ڕێككه‌وتنی نێوانیان بۆ كۆتاییهێنان به ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق له ئه‌یلوولی ساڵی 2025ـدا.
دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا بڵاویان كرده‌وه، ئیسرائیل به ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه، نیازی وایه ئۆپه‌راسیۆنی هێرشیی زه‌مینی بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنان ده‌ست پێ بكات.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكاییه به ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی گوتووه، ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنان، ئه‌م شه‌و ده‌ست پێ ده‌كات.
دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیل، ئێستا باس لە چوونە ناو خاکی لوبنان و ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکرێت، ئەمەریکاش هۆشداری دەدات، کارێکی لەو شێوەیە هاوکاری گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵەکانیان ناکات.
ڕاپۆرتەکان باس لە ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە دژی حزبوڵڵا لە نێو خاکی لوبنان دەکەن، ئەمەش شەڕەکە دەباتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارتر.
پێشتر سوپای ئیسرائیل چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ چوونە نێو خاکی لوبنان و کردنە ئامانجی پێگەکانی حزبوڵڵا پیشانداوە. دەشڵێن: ئەزموونێکی زۆر باشیان لە شەڕی مەیدانی لە غەززە و دژی حەماس وەرگرتووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، پلانێکی تەواو بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان داندراوە و سەربازەکان بۆ ئەم ئامانجە ڕاهێنانی پێویستییان پێکراوە.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش، زامنکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ لوبنان و ڕێگریکردنە لە هێرشێکی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئەو وڵاتە. هاوکات، لەناوبردنی پێگە و بنکەکانی حزبوڵڵایە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی باکوور بتوانن بە سەلامەتی و بەبێ ترس بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستەش، سوپای ئیسرائیل دوو یەکەی سەربازی بە ناوی ئیتزیۆنی و ئالۆن دروستکردووە و ڕەوانەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەی کردوون.
حکوومەتی ئیسرائیل تا ئێستا بە فەرمی نیازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ نێو خاکی لوبنان دەرنەبڕیوە، بەڵام ئاژانسی ئیسرائیل هیۆم بڵاوی کردووەتەوە، نەتانیاهۆ و گالانت هەفتەی ڕابردوو رەزامەندییان لەسەر چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی لوبنان دەربڕیوە.
هاوکات وڵاتان و ئەمەریکا بە دیاریکراوی، چەندین جار هۆشداریان داوە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە نێو خاکی لوبنان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئاسایشی ناوچەکەدا نابێت. کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوەداوە، شەڕێکی سەرتاسەری لە دژی ئێران و حزبوڵڵا، هاوکار نابێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نێو ماڵ و حاڵیان لە باکووری ئیسرائیل.