سوپای ئیسرائیل کەمپی "عەین حلوە"ی لە لوبنان بۆمباران کرد

ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسرائیلی کەمپی "عەین حلوە"ی لە "صەیدا"ی لە باشووری لوبنان بۆمباران کرد.
سەرچاوە لوبنانییەکان بڵاویان کردەوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵی جەنەراڵ مونیر مەقدە، بەرپرسی لیواکانی ئەقسا لە لوبنان بووە، ئەو بەڵام لە شوێنی خۆی نەبووە، هەرچەندە ئەمە یەکەم جارە کەمپی "عەین حلوە" کە گەورەترین کەمپە لە لوبنان هێرشی بکرێتە سەر.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زەمینی لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "دەستیان کردووە بە هەڵمەتی سنووردار بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵلا لە ناوچەی سنووریی باشووری لوبنان".
ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی حزبوڵلا لە گوندانەی نزیک سنوور، مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوەندەکانی دانیشتوان لە باکوری ئیسرائیل دروست دەکەن.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: هێزی ئاسمانی و تۆپخانەکان بە لێدانی ورد بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناوچەکە پاڵپشتیی هێزە زەمینییەکان دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی تیری باکوور بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و هاوتەریب لەگەڵ شەڕەکانی غەززە و گۆڕەپانەکانی دیکە بەردەوام دەبێت.
سوپای ئیسرائیل ڕوونیشی کردەوە هەموو ئۆپەراسیۆنەکان پەسەند کراون و بەپێی بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسی کراون.