ناتانیاهۆ: ئێران ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گشتگیر دەبات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی ئێران ڕایگەیاند "حکوومەتی ئێران هیچ بایەخ بە خەڵکی وڵاتەکەی نادات و خەریکە هەموو ناوچەکە بەرەو جەنگ دەبات".
جەنگی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ناوچەکە تا دێ پەرە دەستێنێ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لە ئازادکردنی ئێران دەکات.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ خەڵکی ئێران، ڕایگەیاندووە "لە کۆتاییدا ئێران ئازاد دەبێت و ئەمە زۆر زووتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە، ڕوو دەدات".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: ئەو ڕژێمەی هەیە، هەموو ڕۆژێک ناوچەکەمان زیاتر بەرەو تاریکی و جەنگ دەبات. زۆرینەی ئێرانییەکان دەزانن ڕژێمەکەیان تۆزقاڵێک بایەخیان پێ نادات. ئەگەر بایەخی بە ئێوە دابا، وازی لە بە فیڕۆدانی ملیاران دۆلار بۆ جەنگە بێهوودەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنا و بۆ باشترکردنی ژیان ئێوە بەکاری دەهێنا.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە "لە کۆتاییدا ئێران ئازاد دەبێت، کە ئەمە زۆر زووتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە، ڕوودەدات، هەموو شتێک جیاواز دەبێت. هەردوو وڵاتەکانمان، ئێران و ئیسرائیل لە ئاشتیدا دەبن."
لە بەرانبەردا، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەکردن بەوەی وڵاتانی بەرەی موقاوەمە خۆیان دەتوانن لە بەرانبەر ئیسرائیلدا بەرگری بکەن و پێویستیان بە ناردنی هێز لە لایەن ئێرانەوە نییە؛ هۆشداریی بە ئیسرائیل دا هەر کردەوەیەکی ئیسرائیل لە دژی وڵاتەکەی بە بێ وڵام نامێنێتەوە.
ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر میحوەری موقاوەمە بەردەوامە و ئێرانیش تا ئێستا کاردانەوەی ڕاستەوخۆی نەبووە. ئەگەر تاران هەروا بێ هەڵوێستی بێت، ئەوەی لە سی ساڵی ڕابردوودا بە چەندین ملیارد دۆلار دروستی کردووە بە دەستی ئیسرائیل لە ناودەچێت. ئەگەریش ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئەو جەنگەوە، ئەوا لەگەڵ هێزی پڕچەک و زەبەلاحی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دیکەی ئیسرائیل ڕووبەڕوو دەبێتەوە.