بولگاریا 89 هاووڵاتیی خۆی لە لوبنان گەڕاندەوە سۆفیا
دوای ئەوەی ئەڵمانیا خێزانی دیپلۆماتکارانی لە بەیرووت گەڕاندەوە بەرلین، وڵاتانی ئەورووپا پەتیا پەیتا بە گەشتی تایبەت هاووڵاتییانیان لە لوبنان دەرباز دەکەن، لە نێویاندا بولگاریا لە یەکەم کارواندا 22% هاووڵاتییانی لە لوبنان بردە دەرەوە.
بەهۆی چڕتربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵلا و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە سەرتاسەری لوبنان، حکوومەتی بولگاریا بە فڕۆکەیەکی مەدەنی، گەشتێکی تایبەتی بۆ گەڕاندنەوەی 89 هاووڵاتیی لە لوبنان رێک خست.
لەلایەن خۆیەوە دیمیتار گلاڤچۆڤ، سەرۆک وەزیرانی بولگاریا لە فڕۆکەخانەی سۆفیا لە پێشوازی لە یەکەم کاروانی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی بولگاری گوتی: حکوومەتی بولگاریا تاوتوێی هەموو بژاردەکان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییانی لە لوبنان".
هەروەها ئێلینا شکێرلێتۆڤا، جێگری وەزیری دەرەوەی بولگاریا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 160 هاووڵاتیی بولگاری نیشتەجێی لوبنان داوای گەڕانەوەیان کردووە. گوتیشی: هەر کاتێک کاروانێکی دیکەی هاووڵاتیان ئامادە بێت، گەشتێکی دیکە ڕێک دەخەن و مەبەستمانە هاووڵاتیانی بولگاریا بە سەلامەتی بگەڕێنەوە وڵات.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 400 هاووڵاتی بولگاری لە لوبنان دەژین، بەڵام هەر هەموویان ئارەزووی گەڕانەوەیان دەرنەبڕیووە.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی بولگاریا لە کاتێکدایە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا لە دووشەممەوە دەستیان بە کشاندنەوەی دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییانیان کردووە، لە نێویاندا، ئەڵمانیا بە فڕۆکەیەکی سەربازی خێزانی دیپلۆماتکارەکانی گەڕاندووە.
لەدوای ئەوەی حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی حزبوڵلا لە ئێوارەی هەینی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژران، مەترسییەکانی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر بوون.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا 26ی مانگی ڕابردوو، داوای لە هاووڵاتیانی کرد هەرچی زووە لوبنان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، چونکە بە خراپتربوونی دۆخەکە، مەترسی داخستنی فڕۆکەخانەی بەیرووت و بەندەرە ئاوییەکان هەیە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی ئوسترالی لە لوبنان نیشتەجێن. پێشووتریش زۆرینەی وڵاتان داوایان لە هاووڵاتیانیان کردبوو هەرچی زووە لوبنان چۆڵ بکەن.