ئیسرائیل: سەربازەکانمان شەڕێکی سەخت لە باشووری لوبنان دەکەن

تانکێکی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان (وێنە: AP)
تانکێکی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان (وێنە: AP)

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەربازەکانیان شەڕێکی سەخت لە باشووری لوبنان دژی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانی دەکەن. حزبوڵلاش بۆمبارانکردنی چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

دەستپێکردنی هێرشی وشکانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان

درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.

سوپای ئیسرائیل، پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، هێزەکانی فیرقەی 98 و لیواکانی کۆماندۆ و پەرەشوتەوان و لیوای 7ی زرێپۆش بەشداریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی باشووریی لوبنان دەکەن.

سوپای ئیسرائیل: شەڕێکی سەخت لە باشووری لوبنان دەکرێت

ئەڤیخای ئەدەرعای، کە گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلە، ئەمڕۆ دووشەممە، 01-10-2024، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، باسی لەوە کرد، سەربازەکانیان "شەڕێکی سەخت" لەگەڵ چەکدارانی حزبوڵلا لە باشووری لوبنان دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئێستە باشترین کاتە بۆ لەنێوبردنی حزبوڵلای لوبنانی و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵات" کە بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵلا، ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیل بوون.

 

تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان (وێنە: AP)
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان (وێنە: AP)

 

چۆڵکردنی باشووری لوبنان و کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-10-2024، نۆ هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کوژراون و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون".

سوپای ئیسرائیل بە ڕاگەیەندراوی فەرمی و لە ڕێگەی کورتەنامە و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە؛ داوای لە دانیشتووانی باشووری لوبنان کردووە، ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە هێرش دەکەنە سەر حزبوڵلای لوبنانی.  هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کردووە، تا پێیان دەکرێت، بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆ نەکەن.

 

دیمەنی دوای بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)
دیمەنی دوای بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)

 

هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵلا بەردەوامن

دوا بە دوای دەستپێکردنی هێرشە وشکانییەکە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، حزبوڵلای لوبنانی دەیان مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کرد. سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی زۆرینەی مووشەکەکانی ڕاگەیاند.

نەعیم قاسم، جێگری حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵلای لوبنانی لە پەیامێک ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە "هەموو ئەگەرێک کراوەیە و ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد، بە هەموو شێوەیەک ئامادەین ڕووبەڕوویان ببینەوە".

کشانەوەی سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەکە

درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، چەند گرتە ڤیدیۆی کشانەوەی سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەوە. ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد، کشانەوەکە لە چوارچێوەی دەستپێکردنی هێرشی وشکانی سوپای ئیسرائیلە و پێشتر هەردوولا هەماهەنگییان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە کردووە.

بەڵام ئەمرۆ سێشەممە، سوپای لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردەوە لە چەند کیلۆمەترێک لە بنکە سەربازییە سنوورییەکانی باشووری وڵاتەکە کشابێتەوە ڕوونی کردەوە، ئەو یەکە سەربازییانەی لە باشوور جێگیرکراون لە هەندێک خاڵی چاودێری پێشەوە خۆیان جێگیر دەکەنەوە.

 

دیمەنی دوای بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)
دیمەنی دوای بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان (وێنە: AFP)

 

تێوەگلانی عێراق لە شەڕی ئیسرائیل و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی

د. عەلیا عەباس، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچێتە نێو شەڕێ نێوان ئیسرائیل و گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە غەززە و لوبنان؛ هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی سەر بنکەی ڤێکتۆریای سەربازانی ئەمەریکا لە بەغدا، باشترین بەڵگەیە بۆ قسەکانم".

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە "لەبەر هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، حکوومەتی عێراق کەوتووەتە نێو بارودۆخێکی زۆر هەستیار و دەبێت بە ژیرانە مامەڵەگە لەگەڵ گرژییەکانی ئێستەی ناوچەکە بکات".

وەکوو ئەوەی د. عەلیا عەباس باسی کرد "ئیسرائیل نەخشەیەکی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە کردووە و لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە نیویۆرک، ئەم چەندەی بە ئاشکرا پیشانی هەمووان دا. پێم وایە ئەم نەخشە نوێیە، بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە تێک دەدات".

 

دیمەنی ئەو شوێنەی حەسەن نەسروڵلای لێ کراوەتە ئامانج (وێنە: AFP)
دیمەنی ئەو شوێنەی حەسەن نەسروڵلای لێ کراوەتە ئامانج (وێنە: AFP)

 

کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و فەرماندەکانی حزبوڵلای لوبنانی

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27-09-2024، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەی لە باشووری بەیرووت بۆمباران کرد.

لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل؛ حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنانی و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای دیکەی ئەو بزووتنەوە ئیسلامییە کوژران.

دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، حزبوڵلای لوبنانی لە چەند ڕاگەیەنداری جیاوازدا جەختی لە بەردەوامبوونی هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، "لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی قەوارەی زایۆنی لەنێو دەبەین".

Fly Erbil Advertisment