وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ شێواندنی سەقامگیریی وڵاتە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەبێ ناوهێنانی بنکەی ڤێکتۆریا و هێزەکانی ئەمەریکا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: هێرشەکە لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە کراوە و مەبەستیان شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە، بەڵام بەهێز وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی دەدەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناخۆی فیدراڵی عێراقدا هاتووە "لە کاتێکدا هەموو هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و هەراسان کردنی هێزە ئەمنییەکان دەدەن. بەرە بەیانی سێشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2024، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕووی داوە، کە ڕۆکێتێکی کاتیۆشا بەر گۆڕەپانێکی فەرجی دووی دەزگای هەواڵگری و ڕۆکێتێکی دیکە بەر گۆڕەپانێکی چۆڵی نێو فڕۆکەخانە کەوتووە".
هەروەها ڕایگەیاندووە "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ئاشکرا کردن و دۆزینەوەی هێرشکەران دەست پێ کردووە، هەم لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و دامەزراوە گشتییەکان، هەم بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیش دەکاتەوە "بە زەبری هێز وەڵامی ئەوانە دەداتەوە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدەن".
دوای کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو، بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی ئەمەریکا لە بەغدا بە سێ کاتیۆشا بۆمباران کرا، بەڵام لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بنکەکە بەرپەرچدرایەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر بنکەکە بگات، تەنیا بەهۆی یەکێک لە کاتیۆشاکان چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی لە گۆڕەپانێکی نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا سووتان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، شوێنی هەڵدانی ڕۆکێتەکان لە نزیک ناوچەی عامرییەی ڕۆژئاوای بەغدا بووە و توانراوە دەست بەسەر سێ ڕۆکێتی کاتیۆشا بە سەکۆوە بگرن، کە بۆ هەڵدان ئامادە کرابوون.