كۆنتێكستی ئۆپه‌راسیۆنی هێرشه زه‌مینییه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر حزبوڵلا

بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و هه‌ر یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و حزبوڵلای لوبنانی ئاراسته‌یه‌كی توندی گرتووه و تا دێت ئاستی ئه‌و شه‌ڕه به‌رزتر ده‌بێته‌وه و په‌ره‌سه‌ندن و ئاڵۆزییه‌كان له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سه‌ربازی، ته‌ناهی، مرۆیی و ته‌ندروستیی زیاتر ده‌بن و ئه‌گه‌ره‌كان بۆ فره‌وانبوونی ئه‌و شه‌ڕه و درێژبوونه‌وه‌ی به ناوچه‌كه‌دا كراوه‌ن.
ئێوارەی هەینی، 27ـی ئه‌یلوولی 2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوه‌یەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، ئه‌منیداری پێشووی ئه‌و حزبه بۆمباران کرد و ڕۆژی شەممە، 28ـی ئه‌یلوول، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی و چەندان فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند و دوای نیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژیش حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلای پشتڕاست كرده‌وه.
ئیسرائیل بڕیاری داوه به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حزبوڵلا له باشووری لوبنان فره‌وانتر بكات
ئیسرائیل بڕیاری داوه به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حزبوڵلا له باشووری لوبنان فره‌وانتر بكات و ئۆپه‌راسیۆنی هێرشه زه‌مینییه‌كانی بۆ سه‌ر چه‌كدارانی حزبوڵلا چڕتر بكاته‌وه. شه‌وی دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا بڵاویان كرده‌وه، ئیسرائیل به ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه، ئۆپه‌راسیۆنی هێرشیی زه‌مینی بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنان ده‌ست پێ بكات.
له لای خۆیه‌وه سوپای ئیسرائیل سێشه‌ممه، 1ـی ئۆكتۆبه‌ری 2024، ڕایگه‌یاند، چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكی سنوورداری بۆ ناو باشووری لوبنان له دژی چه‌كدارانی حزبوڵلا ده‌ست پێ كردووه، هاوكات دوای عه‌سری ئه‌مڕۆ هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، دوو هێرشیی ئاسمانی كردووه‌ته سه‌ر باشووری لوبنان. سوپای ئیسرائیل له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی لوبنان و فره‌وانبوونی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حزبوڵلا، چوار لیوای بانگهێشتی ئه‌ركی سه‌ربازی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كانی باكوور و زه‌مینه‌سازی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانی باكووری ئیسرائیل بۆ ماڵه‌كانیان. پێشتریش له 25ـی ئه‌یلوول، دوو لیوای یه‌ده‌گی دیكه بۆ به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیان له سنووره‌كانی باكوور بانگهێشت كرابوون، كه لیوایه‌كی پیاده‌ی له خۆ گرتبوو و له دوو هه‌زار سه‌رباز و سه‌دان تانك و زرێپۆش پێك هاتبوو.
ئۆپه‌راسیۆنه زه‌مینییه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان له لایه‌ن فیرقه‌ی 98ـوه بووه
سه‌رچاوه‌یه‌ك له سوپای ئیسرائیل به مێدیاكانی گوتووه، ئۆپه‌راسیۆنه زه‌مینییه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان له لایه‌ن فیرقه‌ی 98ـوه بووه، كه یه‌كه‌كانی په‌ڕه‌شووتوانی و كۆماندۆی له خۆ گرتووه، كه هه‌مان ئه‌و فیرقه‌یه له كه‌رتی غه‌ززه‌یش به‌رانبه‌ر چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستین شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
ئیسرائیل له‌و هێرشه زه‌مینییه‌دا ئامانجیه‌تی ژێرخانه‌كانی حزبوڵلا له باشووری لوبنان له‌ناو ببات و سه‌لامه‌تی بۆ باكووری خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه له‌وه‌ته‌ی 8ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـوه حزبوڵلا له باشووری لوبنانه‌وه مووشه‌ك ئاراسته‌ی باكووری ئیسرائیل ده‌كات و له ئه‌نجامدا 60 هه‌زار ئیسرائیلی به‌ره‌و باشووری ئیسرائیل ئاواره بوونه.
700 ئامانجی حزبوڵلا له‌ناو براون
دانیال هاگاری، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه له ئه‌نجانی ئۆپه‌راسیۆنه زه‌مینییه‌كانی سوپاكه‌یان له‌وه‌ته‌ی شه‌وی ڕابردووه‌وه، توانیویانه به درێژایی سنووره‌كانی باكووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان، 700 ئامانجی حزبوڵلا له‌ناو ببه‌ن. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، مه‌ترسییه‌كانی حزبوڵلا هێشتا له سنووره‌كان هه‌یه و ئه‌گه‌ره‌كان له ئارادان بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و حزبه مووشه‌ك بگرنه باكوور و ناوه‌ندیی ئیسرائیل.
هاگاری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، هه‌واڵگری ئیسرائیل له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا به چڕی خۆیان كوتاوه‌ته ناوچه‌كانی نزیك له بنكه و ژێرخانه‌كانی حزبوڵلا به‌تایبه‌تی له باشووری لوبنان و زانیاریی ورد و هه‌ستیاریان به ده‌ست هێناوه. هاوكات جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك كه له عێراقه‌وه بكرێته سه‌ر ئیسرائیل، بێده‌نگ نابن و به مووشه‌ك وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه.
هه‌شت كه‌س كوژراون
له لای خۆیه‌وه حزبوڵلا هه‌ر دوای هێرشه زه‌مینییه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل، مووشه‌كه‌كانی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 1ـی ئۆكتۆبه‌ری 2024، ڕایگه‌یاند، هه‌ر یه‌ك له بنكه‌ی گلیلۆتی سه‌ر به یه‌كه هه‌واڵگرییه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل و باره‌گه‌ی مۆسادی له نزیك ته‌لئه‌ڤیڤ به ئامانج گرتووه. ئێواره سێشه‌ممه، 1ـی ئۆكتۆبه‌ری 2024، مێدیاكانی لوبنان بڵاویان كرده‌وه، له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان به‌تایبه‌تی له شارۆچكه‌ی به‌ریتاڵ له بیقاعی ڕۆژهه‌ڵاتدا، لانی كه‌م هه‌شت كه‌س كوژراون.
ئه‌نتۆنیۆ گۆته‌رێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری دا له فره‌وانبوونی شه‌ڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا بۆ شه‌ڕێكی ناوچه‌یی و ببێته هۆی وێرانكاری و كاره‌ساتی مرۆیی لێ بكه‌وێته‌وه.
هاوكات ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێكدا له كردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی یاسادانانی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل هه‌ر چییه‌ك ده‌كات، زوو یان دره‌نگ سنوورێكی بۆ داده‌نرێت.
له لای خۆیه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چاینا له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی خۆی به‌رانبه‌ر به ئۆپه‌راسیۆنی هێرشیی زه‌مینی سوپای ئیسرائیلی بۆ سه‌ر باشووری لوبنان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاندووه، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ر بۆ ئاڵۆزی زیاتر له ناوچه‌كه ده‌كێشێت.
زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانیان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه ئێران مه‌به‌ستییه‌تی له كاتێكی نزیكدا هێرشیی مووشه‌كی بكاته سه‌ر ئیسرائیل
هاوكات به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) هۆشدارییان له هێرشیی ئێران بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنێكی ئیسرائیل داوه، له لای خۆیه‌وه به‌رپرسێكی باڵای كۆشكی سپی گوتوویه‌تی، زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانیان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه ئێران مه‌به‌ستییه‌تی له كاتێكی نزیكدا هێرشیی مووشه‌كی بكاته سه‌ر ئیسرائیل.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشهاتانه‌دا سوپای ئیسرائیل هاووڵاتییان ته‌لئه‌ڤیڤ و شاره‌كانی دیكه‌ی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه خۆیان له‌ژێر زه‌مینه‌كاندا حه‌شار بده‌ن و له ده‌ره‌وه نه‌مێنن، به‌تایبه‌ت كه ئێستگه‌ی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ده‌نگی ته‌قینه‌وه له ناوچه‌ی ته‌لئه‌ڤیڤی گه‌وره بیستراوه.
سوودانی، عه‌مار حه‌كیم ڕاده‌سپێرێت قسه له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی مقاوه‌مه بكات
ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن له كۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024ـی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به سه‌رپه‌رشتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆی جیددی سه‌باره‌ت به پێشهاته‌كانی شه‌ڕ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خۆبه‌دوورگرتنی عێراق كراوه، به شێوه‌یه‌ك سوودانی عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ی ڕاسپاردووه قسه له‌گه‌ڵ سه‌رانی گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق كه ناویان له خۆیان ناوه به‌ره‌ی مقاوه‌مه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كارێك نه‌كه‌ن، به‌هۆیه‌وه عێراق بخزێنرێته ناو ململانێ چه‌كدارییه‌كان.
دووشه‌ممه، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی وەزاری وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێکخراوی داعش، کە لە واشنتۆن بەڕێوە چوو، جه‌ختی کردەوە کە عێراق دەبێت خۆی لەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن به دوور بگرێت.
فوئاد حوسێن هۆشداریشی داوه له درێژبوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كانی غه‌ززه و لوبنان بۆ ناوچه‌كه و هاتنه‌ئارای دۆخێكی ئاژاوەگێڕی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش بیقۆسنه‌وه، هاوكات ئه‌و شه‌ڕانه ده‌بنه هۆی زیاتربوونی خراپی دۆخی مرۆیی و زیادبوونی ئاواره‌كان.
ئیسرائیل به پاساوی ڕاوه‌دوونانی چه‌كدارانی حزبوڵلا هێرشی زه‌مینی ده‌كاته سه‌ر سووریا
له لای خۆیه‌وه شوان زه‌نگه‌نه، شاره‌زای سیاسی تایبه‌ت به وێبسایتی كوردستان24 له باره‌ی هێرشه زه‌مینییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان گوتی: ئیسرائیل به جیددی هێرش ده‌كاته سه‌ر لوبنان، پاشان هه‌مان ئه‌و هێرشه ده‌كاته سه‌ر سووریا و پاساویشی ڕاوه‌دوونان و له‌ناوبردنی چه‌كدارانی حزبوڵلا ده‌بێت، دوای سووریایش چه‌ند شوێنێكی دیكه ده‌كاته ئامانجه‌كانی.