وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچووانی پۆلی 12ـی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، ئەم شەو کاتژمێر 9 دەرچووانی پۆلی 12ـی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (کەرکووک، شنگال و خانەقین) دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووانی پۆلی 12ـی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکووک، شنگال و خانەقین) ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: لە کاتژمێر9ـی ئەم شەو دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتەکە تۆمارکردووە، دەتوانن ئەم شەو داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا هاتووە، بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچووان دەتوانن سەردانی نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن و ئاسانکاری و ڕێنوێنیان پێشکەش دەکرێت.
ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستەم و ڕاستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن.