بەسرە.. مەترسی هێرشکردنە سەر بەندەری ئوم قەسر هەیە
K24 – بەغدا:
مەترسی هێرشکردنە سەر بەندەر و کێڵگە نەوتییەکانی عیراق هەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەتایبەتی بەندەری ئوم قەسەر لە پارێزگای بەسرە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت؛ زیاتر لە 4 هەزار تۆن ماددەی تەقەمەنی لەو بەندەرانە هەڵگیراون و لەئەگەری هەرهێرشێکی ئیسرائیل دەتەقێنەوە و کارەساتی مرۆیی هاوشێوەی بەندەری بەیروت لە عیراقیش دووبارە دەبێتەوە.
لەنێو پەرلەمانی عێراقەوە هۆشدرای لە بوونی هەزارن تۆن ماددەی کیمیاوی دەدرێت کە لەنێو بەندەرەکانی عیراق کۆکراونەتەوە و مەترسی تەقینەوەیان لەسەرە، بەگوێرەی بەدواداچوونی بەشێک لە پەرلەمانتاران زیاتر لە 4 هەزار تۆن ماددەی کیمیاوی لەنێو كۆنتێنەر و شوێنی تایبەت هەڵگیراون کە بەشێکیان دەکەونە سنووری پارێزگای بەسرە و لە ئەگەری هەر هێرشیکی ئیسرائیل بۆسەر ئەو بەندەرانە، دەتەقێنەوە و سەدان کێڵگەی نەوتی خاپوور دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی دروست دەبێت.
عەقیل فەتلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەبارەت بەبوونی ماددەی تەقینەوە لە بەندەرەکان، بەڵی دڵنیاین لەوەی ماددەی کیمیاوی هەیە چونکە عیراق بارزگانی نەوت دەکات، ئەو مادانەی زۆرە کە ئاگر دەگرن و دەتەقێنەوە لە کاتی هێرشکردن، ئەمانە لەهەموو بەندەرەکان و کارگە و کێڵگە نەوتییەکانمان هەیە.
بەهۆی مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عیراق، حکوومەت لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و داوایکردووە لە ماوەی 3 ڕۆژدا ڕاستی و دروستی بوونی ماددەی کیمیاوی لە بەندەرکانی پارێزگای بەسرە ئاشکرا بکرێن و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەو سنوورە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕوودانی هەر حاڵەتێكی لەناکاو.
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد مەجید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە ڕاستیدا ئەم بابەتە دەبێت بەرێوبەری بەندەرەکان و پارێزگاری بەسرە و سەرۆک وەزیران و وەزیری گواستنەوە بەدواداچوونی جیددی بۆ بکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەندێک زانیاریان ئاشکرا کردووە و دڵنییانداوە کە بابەتی مەترسی تەقینەوەی بەندەرەکان راست نییە.
لای خۆیەوە، عەلی بەسری، جێگری سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی، بە کوردستان24ـی گوت: مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق و لە هەموو وڵاتان چاوەرێی ئەو فەرمانە دەکات کە پێی دەدرێت و، پشت بەخودا لەکاتی گونجاودا وەڵامی پێویستمان بۆ هەموو هەڕەشەکان دەبێت، مقاوەمەی ئیسلامی پاشەکشەی نەکردووە و لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە، بەڵام چاوەرێی فەرمانی سەرووی خۆمان دەکەین.
حکومەتی فیدڕاڵ 5 بەندەری سنووری لەگەڵ وڵاتان هەیە کە بەندەرێکیان تایبەتە بە گواستنەوەی نەوت و ماددە کانزاییەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانەوە چەند بەندەرێکی لە یەمەن بۆردومان کرد.