ئانۆ جەوهەر: بە پشتیوانی سەرۆك بارزانی توانرا پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستییان
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستییان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستییان ڕایگەیاند، سەرباری بڕیاری دادگا فيدراڵی كە ستەمكارانە بوو بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكانمان، بەڵام بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی، توانرا پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە.

سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئانۆ جەوهەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی کریستییان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەونایدا گوتی: بەرگری لە مافی پێكهاتەكان دەکەین لە بەرپرسیارەتی ڕاناكەین و داوای جەماوەرمان جێبەجێ دەكەین و بە دوو كاندید بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەین.

سەرۆكی هاوپەیمانیی کریستییان، دەڵێت: بەهۆی پشتوانی راستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆك بارزانی، توانرا پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە و دابەشی سەر بازنەكان بكرێت كە دوو كورسی بۆ توركمانەكانە.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.