هەولێر.. پلان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ 100 هەزار داری دیکە بچێندرێن

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکان، بەگوێرەی داتاکان تەنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 32 هەزار داری جۆراوجۆر لە هەولێر چاندراون.

سابیر، ماوەی نۆ ساڵە  لەگەڵ دەستەی ژینگە کاردەکات بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەم لەڕووی ماددیەوە پاڵپشتییەکی تەواوی ئێمەی کردووە تاوەکو نەمامگەی تایبەت بەخۆمان هەبێت، هەروەها چەندین شوێن تەرخانکراوە بۆ ئەوەی داری لێ بچێنین.

بەپێی ئاماروخەمڵاندێکی بەڕێوبەرایەتی ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر لە ساڵی 2019ەوە، تا کۆتایی مانگی ئایار بڕی داری چێندراو نزیک دەبێتەوە لە 450 هەزار  داری هەمەجۆر، لە پلانیش دا هەیە تا کۆتایی ساڵ 100 هەزار داری تر بچێندرێت بەتایبەتی لەو شوێنانەی پێویستی بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی هەیە.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوبەرایەتی ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر گوتی: بەهۆی فراوانبوونی هەولێر و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، پێویستە ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت، هەروەها یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کابینەی نۆیەم بایەخی پێداوە ژینگەیە، دەشڵێت: یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی پاککردنەوەی ژینگە زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە.

هەوڵدان بۆ سەوزترکردن و هەڵمەتە بەردەوامەکانی نەمام چاندن دیمەنێکی جوانتری بە پایتەخت بەخشیووە، تا کۆتایی ساڵ ژمارەی داری چێندراو لە شاری هەولێر دەگاتە نیو ملیۆن داری هەمەجۆر، ئامانجی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە ڕێژەی سەوزای لەگەڵ ستاندارد وپێویستییە ژینگەیەکان یەکسان یان نزیک بکەنەوە.

 

Fly Erbil Advertisment