سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە ئامادەباشی

ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق
ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق

دوای گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە ئامادە باشییەوە. هەروەها ئەمڕۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی پێکردووەتەوە کەچەند گەشتێکیش هەبووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، دوای گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل، دۆسیەی ئەمنی عێراق ڕاستەوخۆ لەلایەن محەممەد شیاع سوودانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، گوتیشی: لە دوێنێوە سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە ئامادە باشییەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیان لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان بەتایبەت حزبوڵڵای عێراقی لە شەقام و کۆڵانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئاهەنگ و خۆشیان دەگێڕا. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندنی عێراق دوای دووکاتژمێر لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکان داوای گەشتەکان دەست پێ بکاتەوە.

دەشڵێت: ئەمڕۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی پێکردووەتەوە کەچەند گەشتێکیش هەبووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان لەسەر عێراق ماوە، چونکە تاوەکو ئێستا گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە دەکات.

باسی لەوەش کرد، بەیاننامەیەکی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەبوو کە دەیانگوت، ئەگەر ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکان بداتەوە و هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە ڕاستەوخۆ وەڵامیان دەبێت.

جەختیشی کردەوە، کە شەوی ڕابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیک سەربازگەی عەین ئەسەد بیستراوە،  بەلام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆی لەو تەقینەوانە ڕانەگەیاندووە.

Fly Erbil Advertisment