مەسعود کارەش: ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی هەولێر کارەساتێکی گەورە بوو
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی هەولێر کارەساتێکی گەورە بوو، بڕوامان نەدەکرد کە کەسانێک هەبن بەو جۆرە ژیانی خەڵکی لەناو ببەن و بژێوی ژیانیان بسووتێنن.
چوارشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2024، مەسعود کارەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆکی حکوومەت دووجار سەردانی بازاڕی قەیسەری هەولێری کردووە، یەکەمیان لە کاتی سووتانی بازاڕەکەدا بوو، دووەمیش؛ لە کاتی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە بوو، لە هەردووجارەکە بەڵێنیدا کە بەدواداچوون دەکات بە دڵنیایشەوە تۆمەتباران دەبێت دەستگیر بکرێن.
جێگری پارێزگار دەڵێت: ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی هەولێر کارەساتێکی گەورە بوو، بڕوامان نەدەکرد کە کەسانێک هەبن بەو جۆرە ژیانی خەڵکی لەناو ببەن و بژێوی ژیانیان بسووتێنن، کە دەبوو هاوکاری بکرێن، بەڵام لە بری ئەوە ئاگر لە ژیان و گوزانیان بەردرا.
مەسعود کارەش گوتیشی: جێگەی داخە زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی کەوت، لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران، ئێمە وەک پارێزگاری هەولێر هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە پۆلیس و ئاسایش، لە پەیوەندیدابووین بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانباران و کۆکردنەوەی داتا، هێزە ئەمنییەکان هەموو هەوڵی خۆیاندا بۆ ئەوەی سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزن و دواتر توانیان تاوانبارانیش دەستگیر بکەن.