بڕیاری فەرمی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی باڵا دەرچوو
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، بڕیاری فەرمی بە گرێبەستکردنی زیاتر لە چوار هەزار وانەبێژی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوو.
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-10-2024، بڕیاری فەرمی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوو.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی باسی لەوەش کرد، "وانەبێژانی خوێندنی باڵا، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەنێو هۆڵەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان هەبووە و کەلێنێکی گەورەی نێو وەزارەتەکەیان پڕ کردووەتەوە. بڕیاری بە گرێبەستکردنیشیان، پاداشتکردنیان بووە، بۆ ئەو کارە باشەی لە ماوەی ڕابردوودا کردوویانە".
چوار هەزار و 101 وانەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم بڕیارەی سەرۆک وەزیران سوودمەند دەبن. نوێنەرێکیان لە کۆنفرانسەکەدا سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و گوتی: "خەونی چەند ساڵەی ئێمەی کردە ڕاستی".
ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی بۆ سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژ لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە بە شێوەى گرێبەست ئیمزا کرد.