نووری مالیکی: ڕووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل تەنها ئەرکی حزبوڵلا نییە، پێویستە هێزەکانی عێراق بەشدار بن

نوری مالیکی
نوری مالیکی

لەگەڵ تەشەسەندی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، مەترسی ئەوە دەكرێت عێراقیش پەلكێشی نێو شەڕ و ململانێكان بكرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمان بەهێزە ئەمنییەکان کردووە لەسەرانسەری وڵات بکەونە ئامادەباشییەوە، نووری مالیکیش دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل تەنھا ئەركی حزبوڵلا نییە و پێویستە ھێزە عێراقییەكانیش بەشداری بن.

شەوی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، سەردانێکی لەناکاوی بۆ بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کرد و تیایدا فەرمانی کرد؛ هێزە ئەمنییەکان لەسەرانسەری وڵات بکەونە ئامادەباشییەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمنی بەرز بکەنەوە.

سوودانی، فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد ئامادە بن بۆ بەرگریی لە سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جۆرە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراوە.

ھاوكات نووری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل تەنیا ئەرکی حزبوڵلا نییە، بەڵكو ئەركی گەل و نەتەوەیە، بۆیە عێراقییەكان لەبەردەم شەڕێكی كراوە و گەورەدان و جەختیش دەكاتەوە، دەچنە نێو قودسەوە و لەوێ نوێژ دەکەن، چونكە بەڵێنی ئایینەكەیانە و دەبێت جێبەجێی بكەن.

ئەم ھەڵوێستەی دەسەڵاتدارانی عێراق لە كاتێكدایە، شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە هاویشتنی چەندین مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل بەرەی شەڕ و ململانێكانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر كرد، بەجۆرێك كە چاوەڕێی پەلكێشكردنی عێراقیش بۆ نێو شەڕەكە دەكرێت.