دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم کاری بۆ دروستکردنی کۆمەڵگهیەکی دوور لە جیاکاری لە هەموو ئاستەکاندا كردووه

K24 – هەولێر:
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، لە سایەی حکوومەتی هەرێم مافە ڕۆشنبیرییەکانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراون و لە کابینەی نۆیەمدا لە ڕێگەی یاسا و ڕێنماییەکان، کار کراوە بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوە، ئایین و ڕەگەز و.. حکوومەتی هەرێمیش لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ پەرەپێدان بە گیانی پێکەوەژیان.
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمى كوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کاری بۆ دروستکردنی کۆمەڵگهیەکی دوور لە جیاکاری كردووه لە هەموو ئاستەکاندا و لەم چوارچێوەیەشدا چەندین بابەتی پەیوەندیدار لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ کراوە.
ئاماژەی بەوە دا "لە ماوەی نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (35) یاسای دەرکردووە، ڕەشنووسی (7) یاسای نوێ ڕەوانەی پەرلەمان کراوە و لە ساڵی 2023 داگاکانی هەرێم لێکۆڵینەوەیان لە (8) یاسایی تایبەت بە ڕەگەزپەرستی کردووە. ئەم هەوڵانەش بەشێکن لە پابەندبوونی حکوومەت بە جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی بۆ مافەکانی مرۆڤ".
لە سایەی حکومەتی هەرێم مافە ڕۆشنبیرییەکانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراون لەم بارەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بۆ پاراستنی مافە ڕۆشنبیرییەکانی پێکهاتە ئایينی و نەتەوەییەکان، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی خوێندنی تورکمانی و سریانی هەن. ژمارەی ئەو قوتابیيانەی بە تورکمانی دەخوێنن (2565) قوتابییە لە (18) قوتابخانە و ئەوانەی بە زمانی سریانی دەخوێنن ژمارەیان (1،708) قوتابییە لە (24) قوتابخانە، هەروەها حکوومەتی هەرێم ڕێنمایی تایبەتی بۆ گوتاری هەینی دەرکردووە، بۆ ئەوەی دوور بێت لە توندوتیژی، هەروەها بانگهێشتی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەکات. لەو چوارچێوەیەدا ڕێز لە (1800) گوتاربێژ نراوە و پاڵپشتیش بۆ (321) گوتاربێژ کراوە، کە بەشدارییان لە پێشخستنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی ڕق وکینە کردووە.
لە درێژەی قسەکانی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە "ژمارەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون (78335) کەسە، لەو ژمارەیە (5617)یان لە کەرتی گشتی و زیاتر لە (13249)یان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، بۆ پاراستنی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو (5) پەناگە کراوەتەوە، کە ئێستە (91) ئافرەتیان تێدا نیشتەجێیە، لەنێویاندا (21) ئافرەتی بیانی هەیە".
سەبارەت بە بوونی ئافرەتان لە پۆستە باڵاکاندا، دیندار زێباری گوتی: لە کابینەی نۆیەم ئافرەتان پۆستی باڵایان هەبووە، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان، سێ وەزیر، لە دەزگای دادیشدا (72) دادوەری ئافرەت، (65) داواکاری گشتی، زیاتر لە (200) یاریدەدەری دادوەری و (500) لێکۆڵەری دادوەری ئافرەت هەن. لە لایەکی دیکەوە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان زیاتر لە (1600) ڕۆژنامەنووس و (57) خاوەن ئیمتیاز و (74) سەرنووسەری ئافرەتی لەخۆ گرتووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوە کرد "بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تیمە تایبەتەکان سەردانی (196) کۆمپانیایان کردووە، (13) کۆمپانیا دراونەتە دادگا، (62) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کراون، (8) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزا دراون، هەروەها (90) پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە کۆی (190) دۆسیەی بازرگانیکردندا یەکلایی کراونهتهوه".