بەرپرسێکی ئەمەریکا: چەند بژاردەیەک بۆ وەڵامدانەوەی ئێران لە بەردەستن

بەرپرسێکی ئەمەریکی سەبارەت بە بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران گوتی: یەکێک لە بژاردەکان لێدانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە.
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە جەزیرەی ڕایگەیاندووە، یەکێک لە لە بژاردەکانی ئیسرائیل لێدانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە یان لێدانی گورزە لە هێزەکانی سوپای پاسداران لە یەمەن، یان سووریا.
هەروەها ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ، لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە "ئیدارەی جۆو بایدن، هەوڵ دەدات قەبارەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کەم بکاتەوە لەبری ئەوەی بەتەواوی ڕێگری لێ بکات".
ئاماژەی بەوەش کردووە "واشنتۆن بەچڕی لەگەڵ تەلئەڤیڤ کار دەکات سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران، کە ڕەنگە هێرشێکی سەربازیش لەخۆ بگرێت". جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە بەم دواییانە بایدن توڕەییەکانی بەهۆی کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ناتانیاهۆ زیاتر بووە، پەیوەندییەکانی نێوانیان گۆڕاوە".
شەوی سێشەممە، ئێران بە دەیان مووشەک هێرشێکی کردە سەر ئیسرائیل کە چەندین پێگەی سەربازی گرنگی لەخۆ گرتبوو.