بە بڕیاری مەسرور بارزانی وانەبێژانی خوێندنی ئایینی ئیسلامیی کرانە گرێبەست
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی لە قوتابخانە ئایینییەکان کردە گرێبەست.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڵاوی کردووەتەوە، پێنجشەممە، 03-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا، سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە قوتابخانە ئایینییەکان بکاتە گرێبەست.
ئەو مامۆستایانە، وەکوو ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی پێ داوە "ماوەیەکی زۆرە بە شێوەی وانەبێژ لە قوتابخانە ئایینییەکان وانە دەڵێنەوە و لە ماوەی ڕابردوودا، خزمەتێکی زۆریان بە خوێندن ئایینی کردووە؛ لە پای ئەو خزمەت و ماندووبوونەش کراونەتە گرێبەست".
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 250 هەزار دیناری مانگانە وەکوو "مینحە" بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش دەربڕی.
بە گوێرەی نووسراوەکە، 1500 مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن و تێیدا هاتووە "پێدانی ئەو مینحەیە لە پای ئەو خزمەتەی لە ساڵانی ڕابردوو وەک (پێشنوێژ و گوتارخوێن) لە مزگەوتەکان پێشکەشیان کردووە".
لە نووسراوەکەی وەزیری دارایی و ئابوورییدا هاتووە "لە ڕێککەوتی 01-09-2024 تاوەکوو 31-12-2024، ئەم پارەیە لەسەر بودجەی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خەرج دەکرێت".