بۆڕیی ئیفراز سێ شکاوە، تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەین

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر شکاوە، هەروەها تیمەکانی چاکردنەوەی سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆڕییەکەن، بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، نزیکەی 12 کاتژمێرێکی پێویستە تاوەکو چاک دەکرێتەوە.
ڕابەر حوسێن، بەرێوبەری ئاوی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆڕیی ئاوی ئیفراز 3 لەکاتژمێر 9:30 ی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شکاوە، گوتیشی: تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەین؛ 10 تا 12 کاتژمێریان پێویستە بۆ چاککردنەوەی بۆڕییە شکاوەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، شکانەکە کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر ئاوی هەولێر، چونکە کۆگاکانی ئاو پڕن و دوای چاککردنەوەش ڕاستەوخۆ ئاو بەردەدرێتەوە، بۆیە ئێستا ئیفراز کوژێنراوەتەوە تاوەکو بۆڕییەکە چاک دەکرێتەوە.
پرۆژەی ئیفراز سێ 35%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات، پرۆژەکە لە حەوت پەمپ پێک هاتووە، پێنجیان کار دەکات و دوو دانەشیان یەدەگە.
ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر هێلی ئیفراز سێ، بریتین لە: سەیداوە، مامۆستایان، باداوە، بەشێک لە گەڕەکەکانی قەڵاتی نوێ، بێرکۆتی نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆک و هاوکاری.