ئیسرائیل زاوای حەسەن نەسروڵلای کوشت

شوێنی بۆمبارانکرانی حەسەن قەسیر 'دیمەشق'
شوێنی بۆمبارانکرانی حەسەن قەسیر 'دیمەشق'

ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر دیمەشق، حەسەن جەعفەر قەسیر، زاوای ئەمینداری گشتیی کوژراوی حزبوڵلای لوبنانی حەسەن نەسروڵلای کوشت.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنی بۆ سووریا.

حەسەن قەسیر، هاوسەری زەینەب، کچی حەسەن نەسروڵلایە، پێشتر ئیسرائیل چوار برای قەسیری بە ناوەکانی ڕەبیع و موسا و ئەحمەد کوشتبوو، محەممەد دواهەمینیان بوو کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر کوژرا.

بە گوتەی بەرپرسی ڕوانگە، ڕامی عەبدولڕەحمان، حەسەن قەسیر ڕۆژێک پێش کوژرانی، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، لە ئۆتۆمبێلەکەی درا و یەکێک لە یاریدەدەرەکانی تێیدا کوژرا.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەحمەد قەسیر، برای حەسەن" ئەو کەسەیە کە لە ساڵی 1982دا یەکەم ئۆپەراسیۆنی لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردووە".

حەسەن قەسیر، بە یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی "حزبوڵلا"ـی لوبنان لە دیمەشق ناسراوە و یەکێکە لەو دوو ئەندامەی ئەو ڕێکخراوە کە لەو هەڵمەتەی ئیسرائیلدا کوژران.

هەر بەگوێرەی ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، حەسەن قەسیر، لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی بووە، کە سەرکردەکانی حزبوڵلای لوبنانی و سوپای پاسدارانی ئێران زۆر سەردانی دەکەن.

وێنەیەکی حەسەن نەسروڵڵای لوبنانی و حەسەن قەسیری زاوای 'ئەرشیف'
وێنەیەکی حەسەن نەسروڵڵای لوبنانی و حەسەن قەسیری زاوای 'ئەرشیف'

 

Fly Erbil Advertisment