کوردێک بە مەدالیای تاجی شا چارڵزی سێیەم ڕێزی لێ گیرا
ئەحمەد بناڤی، سەرۆکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری کالگاریی کەنەدا، کە هاوکات ئەندامی دەستەی کارگێڕیی فیدراسیۆنی کوردستانییە لەو وڵاتە، لە لایەن پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانەوە، خەڵاتی تاجی شاهانەی چارڵزی سێهەم، شای بەریتانیا، بۆ ساڵی 2024ـی پێ درا.
ئەحمەد، کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵگەی کوردی کەنەدایە، هەوڵەکانی نەک تەنها بۆ کوردستانییان بەڵکوو بۆ پێکهاتەکانی دیکەش تەرخان دەکات.
بانڤی، وەک زۆر کەسی دیکە، لە ساڵی 1988 لە جینۆسایدی ئەنفال ڕزگاری بوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 1994 کۆچ بکات بۆ کەنەدا، بوو بە پەنابەر لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا، هەر لە یەکەم ڕۆژی لە کەنەدا، هەستی کرد کە ئەرکی خۆیەتی خزمەت بە کۆمەڵگەی کورد بکات.
بناڤی لە ساڵی 1996 قوتابخانەیەکی کوردی دامەزراند، زمان و فەرهەنگی فێری زیاتر لە 70 قوتابی کرد. دواتر، گۆڤارێکی کوردی دەرکرد.
ناوبراو لە 31 ساڵی ڕابردوودا بە چەندین شێوە چالاکانە بەشداریی کۆمەڵگەکەی کردووە. هاوکار بوو لە دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی کوردستانی بە ئامانجی پاڵپشتی و پاراستنی کۆمەڵگاکەی، تەنانەت لە کاتێکدا زیادبوونی دووبەرەکی و کەمی سەرچاوەکان ئاستەنگیان بۆ دروست بووە.
ئەحمەد ماندوویینەناسانە کار بۆ پەرەپێدانی یەکێتی لەناو کۆمەڵگەدا دەکات، جا چ لەڕێگەی ئاهەنگگێڕان، خۆپیشاندان، یان پێشکەشکردنی هاوکاریی، دەنگی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا بەهێزتر دەکات، داکۆکی لە کۆمەڵگاکەی دەکات و دڵنیایی دەدات لە پەیوەندی ئەندامەکانی لەگەڵ یاسادانەران لە بۆنە جیاوازەکاندا.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک کۆمەڵگەی کورد هێشتا سەرقاڵی ئەوە بوو پێگەی خۆی لە کەنەدا بدۆزێتەوە، ئەحمەد بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ هاوکاریکردنی تاکەکان لە چاوپێکەوتنی پزیشک و وەرگێڕان و بۆنە جۆراوجۆرەکانی ژیان، لەوانەش پرسە و ئاهەنگی هاوسەرگیری تەرخان دەکرد.
لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا کاروباری وردەکاریی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بەڕێوە بردووە. زۆرێک لە تازەهاتووان لە کوردستانەوە بە ئەزموونێکی کەمی کار، یان زمانی ئینگلیزی دەگەن، ئەویش هەمیشە ئامادەیە دایانبمەزرێنێت، یارمەتیان دەدات بناغەیەک بۆ ژیانی نوێیان لە کەنەدا دابمەزرێنن.
بناڤی، پابەندە بە درێژەدان بە خزمەتەکانی بۆ کۆمەڵگا، دەڵێ: یارمەتی هەموو تازەهاتووانی داهاتوو دەدەم تا کۆمەڵگەی کوردی بەهێز بێت و ڕەگ و ڕیشەی لە میراتەکەیدا بمێنێتەوە."
ئەحمەد سەبارەت بە وەرگرتی ئەم میدالیایە گوتی: شانازیی بە وەرگرتنی ئەم مەدالیایە دەکەم و سوپاسی تۆم کەمیک، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دۆستایەتی کورد و کەنەدا لە پەرلەمانی کەنەدا، بۆ پاڵپشتی و هاوکاری کردنم لە وەگرتنی ئەم خەڵاتەدا".