لاهور شێخ جەنگی بۆ کوڕەکانی مام جەلال: ناتوانن تا سەر لەسەر مێژوو و  ناوی باوکتان بژین

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی گەل
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی گەل

لاهور شێخ جەنگی، لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال ڕایگەیاند "کوڕەکانی مام جەلال ناتوانن تا سەر لەسەر مێژوو و ناوی ئەو بژین".

پێنجشەممە، 03-10-2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی گەل، لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و سكرتێری پێشووی گشتیی یەكێتیی نیشتمایی كوردستان؛ پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا باسی لە پێگە و ڕۆڵی مام جەلال لە مێژووی سیاسیی کوردیدا کردووە و پێی وایە بە "زیندوو و گەش دەمێننەوە". جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کوڕەکانی مام جەلال " ناتوانن تا سەر لەسەر مێژوو و ناوی ئەو بژین و کاری لار و ناجۆر بکەن".

 

 

مام جەلال، ڕۆژی 17-12-2012 کە ئەوکات سەرۆک کۆماری عێراق بوو؛ بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغداوە ڕەوانەی ئەڵمانیا كرا و ڕۆژی 3-10-2017 بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە كۆچی دوایی كرد.

بە گوتەی لاهور شێخ جەنگی "خەڵک دوێنێی جەنابی مام جەلال بە هەموو باشی و خراپییەکانەوە دەبینێت و ئێستای ئەوانیش (کوڕەکانی مام جەلال) دەبینێ کە خۆیان و کردەوەکانیان بەناوی ئەوەوە هەڵواسیوە!".

وەفای لاهور شێخ جەنگی بۆ مام جەلال، وەکوو ئەوەی خۆی باسی کردووە "تەنها ڕەهەندی سیاسیی نییە؛ بەڵکوو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیی زۆر قووڵی هەیە. بۆیە هەتا مابم، هەوڵ دەدەم خاڵە گەش و جوانەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەش ڕابگرم".