هەولێر.. ڕۆژانە 60 نەخۆش بێ بەرامبەر شوشتنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت

وەک هاوکاریی بۆ نەخۆشانی گورچیلە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری شوشتنی گورچیلەی لە هەولێر کردووەتەوە، لەو سەنتەرە، بێبەرانبەر، گورچیلەی نەخۆشان دەشۆردرێت، هاوکات خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێت.
کوردستان حەمەد، نەخۆشیی گورچیلەی هەیە، بە کورستان24ـی ڕاگەیاند "داوامان ئەوەیە چەند ئامێرێکمان بۆ دابین بکرێت، چونکە ئێمە هەفتانە سێ ڕۆژ دێینە ئەو سەنتەرە، زۆر بەباشی خزمەتمان دەکەن، بەتایبەتی دکتۆر و کارمەندەکان، کە لە منداڵەکانی خۆم باشترن بۆم".
کاروان ئەنوەریش کە شوشتنی گورچیلەی بۆ دەکرێت گوتی: دەستخۆشیان لێ دەکەم لە بەڕێوەبەری سەنتەرەکە تاوەکوو کارمەندەکان، ئامێرەکان زۆر باشن.
بۆ ئەوان، کاتەکان زۆر بەسەختی تێدەپەڕێت، ھەندێکیان بوون بە ھاوڕێ و دۆستی یەکتر، ئەوەندە سەردانی سەنتەرەکە دەکەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاسانکاری زیاتر بۆ نەخۆشەکان ئامێرەکانی ئەو سەنتەرە دەگۆڕێت و بەشێک لە ئامێرەکان بۆ نەخۆشەکان دانراون.
جەزا محێدین، بەرپرسی بەشی گورچیلەی دەستکرد گوتی: بەم دواییانە نزیکەی 14 ئامێرمان بۆ هاتووە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە ئامێری زیاتر بۆ ئەوسەنتەرە و سەرنتەرەکانی دیکەش بهێنێت، دەشڵێت: نەخۆشەکان زۆر سوودیان لەو ئامێرانە وەرگرتووە.
ئەوەی لێرە گرنگە نەخۆشەکان لە کاتی خۆیدا چارەکانیان بۆ دەکرێت؛ ڕۆژانە 50 بۆ 60 نەخۆش بە بەردەوامی چارە وەردەگرن، بە بەردەوامیش ئامێری نوێ بۆ سەنتەرەکە دابین دەکرێت و خزمەتگوازی زیاتر پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێت.