یەکێتیی ئەورووپا زیاتر لە 33 ملیۆن دۆلار هاوکاری گەیاندە لوبنان

زیاتر لە یەک ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون
زیاتر لە یەک ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی ئەورووپا گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە 33.1 ملیۆن دۆلار بۆ لوبنان ڕاگەیاند.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند "زۆر نیگەرانم لە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە هەموو لایەنەکان هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی بێتاوان".

گوتیشی: ئەم بڕە پارەیە جگە لەو 10 ملیۆن یۆرۆیە کە پێشتر لە 29ـی ئەیلوولدا ڕاگەیەندرابوو وەکو هاوکاریی دەبەخشرێت بە لوبنان، بەمەش کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ لوبنان، لەم ساڵدا گەیشتە زیاتر لە 104ملیۆن یۆرۆ کە نزیکەی 115 ملیۆن دۆلارە.

چەند ڕۆژێکە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کردووە، کە ئەو ناوچانە بە قەڵا حزبوڵلا دادەنرێت.

هەروەها ئیسرائیل چەندین هێرشی لە ناو بەیرووت کردووە کە کەسایەتییەکانی حزبوڵلای لوبنانی کوشتووە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان تەنیا دوێنێ چوارشەممە 46 کەس کوژران و 85 کەسیش بریندار بوون.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هەر ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.