ڕێکخەری نوێی گۆڕان ناچێتەوە گردی زەرگەتە و مەکۆیەکی نوێ دەکاتەوە
ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، مەکۆیەکی نوێی بزووتنەوەکە لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-10-2024، جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان کە نزیکن لە کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا، بڵاویان کردەوە "پاش ڕێگریی لە پشێوی و هێوربوونەوەی دۆخەکە، بڕیار درا بە کردنەوەی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و گردی زەرگەتە لەسەر بنەمای دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەکە".
کوردستان24 پەیوەندی بە کەسێکی نزیک لە دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری ئێستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ؛ ئەوان بێئاگایی خۆیان لە ڕاگەیەندراوەکە نیشان دا و گوتیان: بڕیارمان داوە سبەینێ هەینی، 04-10-2024، لە گەڕەکی کوردسات، مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکە بکەنەوە.
هەمان سەرچاوەی کوردستان24 ڕایگەیاند "ئێمە بڕیاری کۆتایی خۆمانمان داوە و جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە گردی زەرگەتە؛ چونکە هەفتەیەکە دەسەڵاتمان وەرگرتووە کەچی دەرگای مەکۆی گردەکە بە ڕووماندا داخراوە".
لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، 27-09-2024، دەرگای گردی زەرگەتە بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان؛ بە ڕووی هەموو ئەندامان و سەرکردەکانی گۆڕان داخراوە. ئامانج لە داخستنەکە، دروستنەبوونی گرژیی و ئاڵۆزییە لەنێوان هەردوو باڵەکەدا.
ڕۆژێک دوای داخرانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گەردی زەرگەتە (شەممە، 28-09-2024)، کەسانی نزیک لە عومەری سەید عەلی، لە ڕێوڕەسمێکدا، لە پارکی ئازادی، دانا ئەحمەد مەجیدیان وەک ڕێکخەری نوێ بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ، ناساند.
کرۆکی کێشەکان لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە کەسانی نزیک لە کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا دەڵێن بە گوێرەی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە کە پەسەندکراوی دوەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکەیە، دەبێ ڕێکخەر لە ناو جڤاتی نیشتیمانیدا هەڵبژێردرێت، کەسانی نزیک لە عومەر سەید عەلیش دەڵێن: بە پێی یاسای کۆمسیۆن ناتوانین ئێستە ڕێکخەر لەناو جڤاتی نیشتمانیدا هەڵبژێرین هەر بۆیە بە ئاگاداری کۆمیسیۆن، ڕێکخەری پێشوو بریکارنامەی بۆ ڕێکخەری ئێستا کردووە.