سەرۆک وەزیران فەرمانی بە قەزاکردنی بەحرکەی ئیمزا کرد
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە قەزاکردنی بەحرکەی ئیمزا کرد و لەمڕۆوە فەرمانەکە جێ بەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە قەزاکردنی بەحرکەی ئیمزا کرد.
لە فەرمانەکەدا هاتووە "پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 316، بڕیارمان دا بە هێنانە کایەی قەزای بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەمان سنووری ئێستا ناحیەی بەحرکە".
ئەم فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، واتا ئەمڕۆ، پێنجشەممەوە، 03-10-2024، جێ بەجێ دەکرێت.
بەحرکە، 31 گوند و چوار کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی 2003 کراوەتە ناحیە و ئەمڕۆ پێنجشەممەش، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران کرایە قەزا.
ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری بەحرکە زیاتر لە 32 هەزار کەسە و نزیکەی حەوت هەزار خانووی لێیە.
سنووری بەحرکە:
لە باکوورەوە ناحیەی بەستۆرە و ناحیەی دارەشەکران.
لە باشوورەوە ھەولێر و ناحیەی ڕزگاری.
لە ڕۆژھەڵاتەوە ناحیەی کەسنەزان.
لە ڕۆژاواوە ناحیەی کەورگۆسک.