زاگرۆس فەتاح: بەهۆی دیارنەبوونی داهاتی سلێمانی ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکە زیادی کردووە
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی سلێمانی نەیانهێشتووە بەرنامەی کابینەی نۆیەم لە پارێزگاکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی دیارنەبوونی داهاتی سلێمانی و نەگەڕانەوەی بۆ خەزێنەی حکوومەت تا پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێت، ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکە زیادی کرد.
پێنجشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، گوتی: لە ساڵی 2021 ڕێژەی بێکاری زۆر بوو لە هەموو جیهان هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش، چونکە تازە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنامان تێپەڕاندبوو، بەڵام لە ساڵی 2021 تا 2023 لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جگە لە سلێمانی توانراوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بێکاری کەم بکرێنەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای سلێمانی زیادی کردوو، لە هەولێر کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کران کە وای کرد رێژەی بێکاری کەم بکرێتەوە، بەڵام لە سلێمانی سەرباری ئەوەی پرۆژە بە رێژەیەکی کەم جێبەجێ کراوە، داهاتی ناوخۆی پارێزگاکەش بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکە خەرج نەدەکرایەوە و هەروەها نەشدەگڕێندرایەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، زۆر جاریش لە هەولێر لەلایەن حکوومەتەوە پارە تەرخان دەکرا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لە سلێمانی، بەڵام بەداخەوە پارەکەیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە بەکار نەدەهێنا. دەشڵێت: لە سەردەمی کابینەی شەشەمەوە تا ئێستا هیچ داهاتێک لە سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حکوومەت و بەڵکوو لەلایە خۆیان دەمایەوە.
لەبارەی ڕێژەی خوێندەوارییەوە، ناوبراو گوتی: لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی خوێندەواری زۆر بە باشی بەرز دەبێتەوە و ساڵ دوای ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەداخەوە لە عێراقدا خەڵک بەرەو نەخوێندەواری دەڕوات و ڕێژەی نەخوێندەواری زۆر بەرز بووەتەوە.
گوتیشی: لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا توانراوە ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ 15% کەم بکرێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو رێکارەکانەی کە دایناوە توانیوەتی خزمەتی پەروەردەیی باشتر دابین بکات و ژمارەی قوتابخانەکان زیاتر بکات، زۆر بەرنامەی دیکەش هەم لەلایەن حکوومەت و هەم لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە جێبەجێ کراون.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، لە پارێزگای سلێمانی هاووڵاتییان ناڕازین لە پەروەردە، بەهۆی ئەوەی لە رێگەی بایکۆتەوە دەیانویست فشارێکی سیاسی بخەنە سەر پارتی و کابینەی نۆیەمی حکوومەت، کە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی هەبوو لەسەر ئاستی خوێندەواری و خزمەتگوزاری پەروەردەیی.
زاگرۆس فەتاح، ڕایگەیاند: ئیدارەی سلێمانی نەیانهێشتووە بەرنامە و ئەجێندای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکە بە باشی جێبەجێ بکرێت، بۆیە سیستەمی پەروەردەکەی بە جۆرێکە کە لە ئاستی خواستی هاووڵاتییان نییە و لێی ناڕازین.