ئهمهریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی له پلانهكانی ئیسرائیل دهكهن

K24 – هەولێر:
دوای ئەوەی پلانی پێکهێنانی هیلالی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری نەگرت، ئیسرائیل حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، ئیسرائیل دەیەوێت سیستەمی سیاسی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
ڕۆژنامەی تایمز ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل دەستی بە پلانێک کردووە کە بەهۆیەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی سیستمی سیاسیی ناوچەکە دابڕێژێتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دامەزرێنێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئیسرائیل دوای لەناوبردنی تواناییەکانی حەماس و حزبوڵڵا، هەروەها دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستی واڵەتر بووە و پلانی هەیە هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر ئێران. ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییش دەڵێن: ئیسرایل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات.
هاوکات ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا نووسیویەتی، ئێران خەریکە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی ئیسرائیل ئامادە دەکات کە لە ئانوساتدایە و ئەگەری هەیە لەو هێرشەدا فڕۆکەی پێشکەوتووی ئێف35 بەکار بێنێت کە سیستمی بەرگریی ئێران تووشی ئاڵنگاریی گەورە دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێگەی واشنتن فری بەیکن لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە، بە پێچەوانەی هێرشەکەی مانگی نیسان ئەم جارە ئەمەریکا داوا لە ئیسرایل ناکات هێرشەکەی سنووردار بێت و بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی نەوت و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و تەنانەت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەکاتە ئامانج، هەرچەند جۆ بایدن لە دواین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ ئەمەریکا پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکات بۆ لێدانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بە نەخێر وەڵامی دایەوە.
هاوکات جۆ بایدن ڕایگەیاند، هەموو وڵاتانی گرووپی جی7 لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە. هەروەها ئاشکرایشی کردووە، ئەمەریکا و وڵاتانی جی7 کۆمەڵێک سزای نوێ دژی ئابووریی ئێران دەگرنە بەر.
تا ئێستا وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە دۆخی لوبنان و پلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بێدەنگن، تەنیا عێراق داوای لە کۆمکاری عەرەبی کردووە کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێی دۆخی لوبنان پێک بێنن، کە تا ئێستا پێک نەهاتووە و بێجگە لە سعوودییە کە پشتیوانیی خۆی بۆ پلانی پێکهێنانی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین دووپات کردووەتەوە، وڵاتانی عەرەبی هیچیان پلانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ نەخستووەتە ڕوو.