وەزارەتی تەندروستی لوبنان: بەهۆی بۆمبارانێکی ئیسرائیل نزیکەی 40 کەس مردوون

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل نزیکەی 40 کەس مردن و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل لە ماوەی 24 کاتژمێردا 37 کەس مردن و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون".

فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەوەتەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەستی پێ کردووە، هەزار 974 کەس بەوهۆیەوە کوژراون، کە 127 منداڵ و 261 ئافرەت لە نێوا کوژراوەکاندا هەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، نۆ هەزار و 384 کەس بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە سوپای لوبنان ڕایگەیاند، " دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوەندێکی سوپای لوبنانی لە ناوچەی بنت جبەیل لە باشووری لوبنان، سەربازێکیان کوژرا".

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هەر ئەمرۆ پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.