بلینکن: تا شەڕ بەردەوامبێت، پەیوەندییەکان ئاسایی نابنەوە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

نزیکەی ساڵێکە جەنگ لە غەززە بەردەوامە و تا دێت دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەبێت و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە کەمتر دەبێت، لە سەرەتای ئەو جەنگەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە نزیکەی 10 جار سەردانی ئیسرائیلی کردووە دەڵێت: تا جەنگ بەردەوامبێت، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕوونادات.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شوێنەی لە جیهان کە پشکی شێری لە شەڕ و ململانێکان بەردەکەوێت، یەکێك لە سەرەکیترین هۆکارەکان ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل و نزیکەی ساڵێکە شەڕ لە غەززە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستە، نۆ جار سەردانی ئیسرائیلی کردووە، بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە بەدیناکرێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا کە لە گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند، بەبێ کۆتایی هاتنی جەنگ لە غەززە و بوونی ڕێڕەوێك کە داواکاری فەڵەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و تەرخانکردنی ئاسایش بۆ ئیسرائیل، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕوونادات.

بلینکن جەخت دەکاتەوە، ئیدارەکە ماندوو نەناسانە لەپێناو کۆتایی پێهێنان بە شەڕی غەززە و رێگریکردن لە جەنگێکی فراوان لە ناوچەکە لەگەڵ هاوبەشەکانی کاریکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئیدارەی بایدن هەوڵیداوە چارەیەکی دیپلۆماسییانە بدۆزێتەوە تا هاووڵاتییانی ئیسرائیل و لوبنان بە سەلامەتی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بژین.

ئەنتۆنی بلینکن، ئاشکراشی دەکات، لە پێناو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریکراوی لەنێوان سعوودیە و ئیسرائیل کاریان کردووە.

لە کاتێکدا ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتاییەکەی نزیك دەبێتەوە، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە یەکێكە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو ئیدارەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لەنێوان هەردوولایەنی شەڕ، هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست کەمتر بووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment