هاووڵاتیانی ئێران: ئەمەریکا هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی جەنگە لە ناوچەکە

لە ئیران کاردانەوەکان بەرانبەر بە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە، هاووڵاتیانی ئێران دەڵێن ئەمەریکا هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی جەنگە لە ناوچەکە و نەگەیشتن بە ئاشتییە، داوا دەکەن هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکرێن.

لە تاران و چەند شاری دیکەی ئێران خۆپێشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێوە چوو، هاووڵاتیان لەگەڵ ئاڵای وڵاتەکەیان، ئاڵای هەریەک لە فەڵەستین و حزبوڵلای لوبنان و پۆستەری حەسەن نەسروڵلا و ئیسماعیل هەنیە و فەرماندە کوژراوەکانی سوپای پاسدارانیان هەڵگرتووە، ئەوان دەڵێن پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای ئەمەریکا لە ئیسرائیل بووەتە هۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل .

یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێت: ئەمەریکا دەڵێ هاتووە ئاشتی بەرقەرار بکات بەڵام ئاشکرایە سەد لەسەد درۆ دەکا، ئەمەریکا و ئیسرائیل پێکەوە ڕێگری لە گەیشتن بە ئاشتی دەکەن.

یەکێکی دیکە لەو خۆپیشاندەرانە گوتی: ئەمەریکا سەلماندوویەتی هەمووکات لە چارەڕەشکردنی گەلاندا ڕۆڵی هەبووە، دەبێ ناوچەکە جێ بێڵێ لەبەر ئەوەی جگە لە چارەڕەشکردنی گەلانی ناوچەکە هیچ کارێکی نەکردووە.

بەشداربووانی ئەم خۆپێشاندانانە پشتیوانی لە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن و دەڵێن سوپای پاسداران بەم هێرشە هێزی ئێرانی لە ناوچەکەدا سەلماندووە.

خۆپیشاندەرێکی ئافرەت باسی لەوە کرد، هاتوومە ئێرە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی و پێزانین و سپاسی خۆم ڕابگەیەنم. ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای پاسداران دڵی زۆر کەسی لە بەرەی موقاوەمە شاد کرد.

هاووڵاتیەکەی دیکە ڕایگەیاند، ئێران توانی هێزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەلمێنێ و مستێکی بەهێز لە دەمی ئیسرائیل بدات، بە ڕاستی خۆشحاڵین، ئەگەریش ئیسرائیل کاردانەوەی هەبێ ئێران زۆر بە توندی وڵامی دەداتەوە.

بڕیارە بۆ یەکەمجار لە چوار ساڵی ڕابردوودا و لە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، ئایەتوڵلا خامەنەیی خۆی ئەم هەفتەیە لە تاران پێشنوێژی بکات و وتاری نوێژی هەینی پێشکەش بکات، لەم وتارەدا خامەنەیی سیاسەتی گشتیی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچە ڕادەگەیەنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە وەڵامی هێرشەکەی ئێراندا بەم زووانە دامەزراوە ستراتێجییەکانی ئەم وڵاتە بە ئامانج دەگرێت.