ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکا: کارمەندانی دەزگایەکی گرنگی ئەمەریکا بەکۆمەڵ دەستیان لەکار کێشاوەتەوە

دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمەریکا لە ساڵی 2024دا، ڕووبەڕووی گەورەترین کێشە بووەتەوە، دوای ئەوەی بریکارەکان بەکۆمەڵ دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئەم دامەزراوە ئەمنییە نهێنیە ئەمەریکییە، ئاگادارە کە ساڵی 2024 یەکێک دەبێت لە گرژترین ساڵەکانی مێژووی کارەکانی، ئەمساڵ بریکارەکانی ئەو دەزگا نهێنییە، ناچاربوون لە گردبوونەوەکانی هەڵبژاردن و کۆنفرانسە سیاسییەکان و لوتکەکانی ناتۆدا زیاتر کاربکەن لەسەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر ژیانی سەرکردە سیاسییەکان هەیە. بەڵام وەک دەردەکەوێت، دەزگای نهێنی ئەمەریکا بە ئامادەکارییەکی خراپەوە هاتە ناو ئەم قۆناغە گرنگە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: لەبری ئەوەی ژمارەی کارمەندان بۆ ئەو دەزگایە زیاد بکرێت، بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە، کە لە کۆی 7.8 هەزار کارمەند لە دەزگای نهێنیدا، 1.4 هەزار کارمەند لە ساڵانی 2022 و 2023 کارەکانیان جێهێشتووە. هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکانیش بریتی بوون لە کاری زیادە کە مووچەشیان بۆ ئەژمار نەدەکرا.
ڕۆژنامەکە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم دەزگایە تووشی کێشە نەدەبووەوە ئەگەر کارمەندی یەدەگیان هەبووایە و ئامادەبوان و بۆ ئەوەی ئەو شوێنە بەتاڵانە پڕبکەنەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دوو هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگەکانی تەمموز و ئەیلوولدا، کێشەی جددی لە کارەکانی دەزگای نهێنیدا ئاشکرا کردووە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردن و پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیادا، بەڵام بەپێی بۆچوونی خودی بریکارەکان، هۆکاری سەرەکی شکستەکە لە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی شارەزاترین کارمەندەکاندا بووە.
دەزگای نهێنی لەم دواییانەدا توانی ژمارەیەکی باشی کارمەند دابمەزرێنێت و کۆنگرێسیش بودجەی زیادەی بڕی 231 ملیۆن دۆلار بۆ تەرخانکرد، بەڵام دەیان بریکاری ئێستا و پێشوو بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، کە دەزگاکە هێشتا نەیتوانیووە کێشەی دەستلەکارکێشانەوە بەردەوامەکان چارە بکات .