ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ڕێگەی نێودەوڵەتی لوبنان-سووریا

دەروازەی مەسنەع
دەروازەی مەسنەع

عەلی حەمیە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی کار بەڕێکەری لوبنان، ڕایگەیاند، ڕێگەی نێودەوڵەتی "مەسنەع" لە نێوان لوبنان و سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە تێکدرا، کە سەدان هەزار ئاوارە بۆ تێپەڕبوون بەکارییان دەهێنا.

حەمیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر دەروازەی سنووری مەسنەع و ڕێگاکەی لەناو بردووە، کە ڕێگەی سەدان هەزار کەس بوو بۆ هەڵاتن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە ترسی بۆمبارانی ئیسرائیل".

ڕوونیشیکردەوە، لێدانی هێرشەکەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی خاکی لوبنان  بووە بۆ دەروازە سنوورییەکە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ئەڤیغای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، حزبوڵلای بەوە تۆمەتبار کرد، ئەو سنوورەی بۆ پەڕینەوە وگواستنەوەی چەک لە سوریاوە بۆ لوبنان بەکارهێناوە.

هەروەها حەمیە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو دەروازە کۆنترۆڵی دەوڵەت و خزمەتگوزاریی ئەمنیی وڵاتەکە بووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی لوبنان، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 300 هەزار کەس کە زۆرینەی خەڵکی سووریان، لە لوبنانەوە بەرەو سووریا لەو دەروازەوە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان، لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل.

 

Fly Erbil Advertisment