زیاتر لە سێ هەزار و 500 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کورستان تۆمارکراون

زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆر و ئەرکێکی گەورەیە بۆ خێزانەکان ، هەروەها حەوت سەنتەری ئۆتیزم لە هەولێر و سلێمانی ودهۆک وهەڵەبجە وحاجیاوا وکۆیە وبازیان هەیە ئەمە جگە لەو سەنتەرە ئەهلیانەی کە هەن.
منداڵانی ئۆتیزم لەسەنتەرەکان ڕاهێنانی (تاک وبەکۆمەڵ و ڕاهێنانی هەستەکان و چارەسەری سروشتیان ) پێدەکرێت، بوونی ئەم سەنتەرانە پاڵپشتی دەروونی وکۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان دابین دەکات.
جیهانی ئەوان لە چواردەوری ئەو جوڵانەدایە کە لەدەسەڵاتی خۆیان دانییە، هێژا 15 لەگەڵ ئۆتیزم دەژی، جۆری ئۆتیزمەکەی رێژەكەی بەرزە کە سەخترین جۆری ئۆتیزمە، باوکی دەڵێت: "بە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا باشتربووە ئەویش بەهۆی ڕاهێنانەکانی سەنتەری ئۆتیزمەوە".
کەمال جەباری، باوكی ھێژا بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەوڵەکانی خۆمان لەماڵەوە لەگەڵ ڕاهێنانەکانی سەنتەر، توانیمان لە حاڵەتێکی زۆر خراپەوە بەرەو باشتر بهێنی، کە پێشتر نەماندەتوانی یەک خولەک بەبێ چاودێریکردن جێی بهێلێن چونکە هەموو شتێکی دەشکاند.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆمەلێک بڕیاری حکوومەت، بەم دواییانە دەرچوو، زۆر بۆ ئێمە باش بوو، کە یەکێک لە بریارەکان ئەگەر منداڵێکی ئۆتیزم بیەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات بە 'ڤی ئای پی' کارەکانی ڕایی دەکرێت، هەروەها لە نەخۆشخانەکانیش بڕیار دەرچووە کە منداڵی ئۆتیزم بە خۆڕایی چارەسەر وەردەگرێت، ئەگەر تێچووکەی هەرچەند بێت. لە شوێنە گشتییەکانیش ڕەچاوی منداڵی ئۆتیزم دەکرێت.
لەهەرێمی کوردستان سێ هەزار و 600 حاڵەتی ئۆتیزم تۆمارکراون، ئێستا حەوت سەنتەری حکوومی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن، کە کاریگەریان هەیە لەسەر بەرەوپێش چوونی دۆخی ئەو منداڵانەی تووشی ئۆتیزم بوونە، ساڵانەش بەهۆی پێدانی ڕاهێنانەوە دەیان توشبووی ئۆتیزم دەگەڕێنەوە بەر خوێندن.
سەیران دزەیی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم دەڵێت: ساڵانە 7 تا 10 قوتابی دەچنە قوتابخانەکان لەگەڵ منداڵانی ئاسایی تێکەل دەبن، هەروەها ئێستا 3600 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە ڕۆژانە ڕاهێنانیان پێدەکرێت، وانەی بیرکاری و ئینگلیزیان پێ دەگوترێت، هەروەها حکومەتیش زۆر پاڵپشتمان بووە.
دۆخی منداڵانی ئۆتیزم ئەرکێکی گەورەیە لەسەر خێزانەکان، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە هاوکاریان بکات بۆ ئەوەی بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەكان چارەسەر وەربگرن، بۆ گەشتكردن پێویستیان بە هیچ ڕێکارێک نییە و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت، ھەروەھا لە 9%ـی ئەو كەسانەی تووشی ئۆتیزم بوونە مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە بۆ هەرکەسێک بڕی 150 هەزار دینارە.