ئیسرائیل فەرماندەی سیستەمی پەیوەندییەکانی حزبوڵڵای کوشت

ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل کوژرانی "فەرماندەی سیستەمی پەیوەندییەکان"ـی حزبوڵڵای لوبنان، محەممەد ڕەشید سکافی، لە ناوچەی بەیرووت ڕاگەیاند.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە، " محەممەد ڕەشید سکافی لە ساڵی 2000ەوە وەک فەرماندەی سیستەمی پەیوەندییەکان بووە لە حزبوڵڵا، هەروەها لە سەرکردە باڵاکانی ئەو گرووپە نزیک بووە و خاوەنی ئەزموون و دەسەڵاتی بەرفراوان بووە".

ئاماژەی بەوەش دراوە، "سکافی هەوڵی بێوچانی دەدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان هەموو یەکە و سیستەمەکانی حزبوڵڵا، بە ئامانجی پاراستنی بەردەوامی گواستنەوەی زانیاری لە ڕێکخراوەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام".

بەپێی گوتەی سوپای ئیسرائیل، سیستەمی پەیوەندییەکان بە یەکەیەکی پایەیی دادەنرێت، کە بەرپرسیارە لە بەردەوامی پەیوەندییەکان لە حزبەکەدا، هەروەها بەرپرسیارە لە پەرەپێدان و پاراستنی سیستەمی پەیوەندییەکانی حزبوڵڵا.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 27ـ9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵلا کوژران.

هاوکات ڕۆژی  پێنجشەممە، 3ـ10-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل، حەسەن قەسیری، لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فیلات لە ناوچەی "مەززە"ـی دیمەشق کوشت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند کاتژمێرێک بوو گەیشتبووە سووریا.

 

Fly Erbil Advertisment