باسم عەوادی: عێراق پشتیوانی هەر هەوڵێکی دیپلۆماتی بۆ ڕاگرتنی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل دەکات
حکوومەتی عێراق ڕەخنە لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی توڵکەرەم لە بەرەی ڕۆژئاوای فەڵەستین دەگرێت و ڕایگەیاندووە، "ڕژێمی داگیرکاری ئیسرائیل لە تاوانکارییەکانی بەردەوامە و هێرشەکەی سەر توڵکەرەم سەلمێنەری ئەوەیە کە سوورە لەسەر کۆمەڵکوژی گەلی فەڵەستین".
باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە پەیامێكدا ڕاگەیاندووە، تاوانکاریی و دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل هەموو بەها مرۆییەکانی تێپەڕاندووە و مەرامێتی گۆڕەپانی شەڕ فراوانتر بکات.
هەروا ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە و ئاماژەیداوە، بێدەنگ بوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بووەتە هۆکاری پەڕینەوەی ئاگری شەڕ و دوژمنکاری و بەرۆکی گەلی لوبنانیشی گرتووەتەوە.
باسم عەوادی هەڵوێستی حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە و ئاماژەیداوە، عێراق جارێکی دیکە بانگ لە دەنگی ئازادی جیهان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ سەرکۆنە و سەرزەنشتکردنی ئەو دوژمنکارییە و ئەوانەشی پشتیوان و هاوکاری دەکەن.
هەروا ئاماژەیداوە، حکوومەتی عێراق ئامادەی هەموو هەوڵێکی دیپلۆماتییە بۆ ڕاگرتنی ئەو دوژمنکارییەی هەیە، لەگەڵ دانانی سنوورێک لەبەردەم ئەو تاوانکارییەی دەکرێت بۆ پابەندبوون بەو بنەمایانەی مرۆڤایەتی لەسەری ڕێککەوتوون.
هەر لە پەیامەکەیدا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق هەڵوێستی پشتیوانی عێراقی بۆ هاوکاری خەڵکی فەڵەستین و لوبنان ڕاگەیاندووە تاوەکوو سەرکەوتوو دەبن.